سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە رووداو دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی و لە پەیامێکدا دەڵێ "هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ کارمەندانی رووداو دەخوازم."
 
لە پەیامەکەیدا، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "هیوای سەرکەوتن و درەوشانەوەی زیاتر بۆ کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو دەخوازم.'' بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی بۆ باشترین کۆمپانیای راگەیاندن. 
 
پیرۆزبایینامەکە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 14-8-2023 خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا. رۆژی 13ـی ئۆکتۆبەریش لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، خەڵاتەکان دابەش دەکرێن. 
 
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)، (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فراوانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا بۆ زۆرترین بەکارهێنەر.