ئەندامێکى رەوتى حیکمە: پرسی دیدارى عامرى و سەدر خرایە هەفتەى داهاتوو


رووداو - هەولێر

ئەندامێکى لیژنەى جێبەجێکردنى رەوتى حیکمە ئاشکرایکرد کە پەیوەندیى هەبووە لە نێوان هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح و نووسینگەى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر و بڕیاردراوە دیدارەکە بۆ هەفتەى داهاتوو دوابخرێت، گوتیشى: "ئاماژەکان بۆ ئەوەن هەفتەى داهاتوو کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى لە بەغدا بکرێت".
 
رۆژی سێشەممە 16-08-2022 ئەحمەد عیساوى، ئەندامى لیژنەى جێبەجێکردنى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پەیوەندى لەنێوان هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح و نووسینگەى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر هەبووە لەبارەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى نێوانیان، بەڵام ئەو پرسە دواخراوە بۆ هەفتەى داهاتوو".
 
رۆژی 14ى ئابی 2022، هادى عامرى، سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ نوێنەرى زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى دەستپێشخەرییەک، کە تایبەت بوو بە ئەنجامدانى کۆنگرەی دیالۆگى نیشتمانى.
 
ئەحمەد عیساوى ئاشکرایکرد کە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کۆتایی هەفتەى داهاتوو ئەو کۆنگرەیە بە بەشداریى هەموو لایەنەکان لە بەغداى پایتەخت بەڕێوەبچێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە 16ى ئاب موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر ئەو خۆپێشاندانەى دواخست کە بڕیار بوو لایەنگرانى لە 20ى ئاب لە بەغدا بیکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەو خۆپێشاندانە دەکەن یان نا، کە کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.
 
لایەنە کوردستانییەکان بە گرنگییەوە لە دەستپێشخەرییەکەی هادی عامری دەڕوانن، کە ئێستا لەنێو بەشێک لە شیعەکان وەکو "پیاوی چارەسەری" ناوی دەهێندرێت.
 
جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەوان بە رێزەوە سەیری هەوڵەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دەکەن.