ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا زیانی نیو ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
ساتی سووتانی بازاڕی شۆرجە لە بەغدا. وێنە: رووداو
ساتی سووتانی بازاڕی شۆرجە لە بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

ئاگر لە بازاڕی شۆرجە لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و ئەمیندارێتیی بەغدا بەردەوام هەوڵی کۆنترۆلکردنی ئاگرەکەیان دا، بەڵام ئاگرەکە بۆ زیاتر لە شەش کاژێر بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری مادیی لێکەوتەوە.
 
محەممەد عەلی، خاوەن کۆگا گوتی، "شەش کۆگام هەیە، کۆگا گەورەکەم لە ناوەڕاستی ئاگرەکەدایە، ئەمە خۆی باڵەخانەیە، بەڵام ئەو کەسەی لەگەڵمانە بە سەندەویچ پەنەڵ کۆگای دروستکردووە. بەرگریی شارستانی، کە دێت، دەزانێت سەندەویچ پەنەڵ قەدەخەیە، بەڵام پارەی بەرتیلیان پێدەدەن و دەڕوات. ئەمەش ئەنجامەکەیەتی، ئەی بەرپرسەکەی نابێت لێیان بپرسێت سەندەویچ پەنەڵ قەدەخەیە و ئەمەیان لە کوێ هێناوە؟"
 
عەلی حەسەن، شاهیدحاڵ دەڵێت، "پێموایە شۆرتی کارەبا لێرە بوو لە سەرەوە لە سەرەتادا، دواتر بەهۆی هەواوە بڵاوبووەوە. مەرجەکانی سەلامەتییش لەم بازاڕەدا نین."
 
مەترسیی گواستنەوەی ئاگرەکە بۆ باڵەخانەکانی دیکە، بازاڕەکەی چۆڵکرد، زیاتر لە شەش کاژێر دووکەڵ لە ئاسمانی بەغدا بەرزبووەوە، هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە مادییەکان بە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.
 
محەممەد جابر، پارێزگاری بەغدا رایگەیاند، "رێنوێنیی قەدەخەکردنی سەندەویچ پەنەڵ دەرچووە، تیمەکانمان لە بەرگریی شارستانی گەڕان و پشکنینیان لەم ناوچەیە دەبێت و راپۆرتی خۆیان پێشکێش دەکەن. یاسا پلەبەندیی بۆ سزادان هەیە، لەم دواییانەدا راپۆرتمان پێشکێش کرا، تووندترین سزا داخستن بوو بۆ هەندێک لە دووکانەکان دوای ئەوەی ئاگادارکردنەوەی کۆتاییمان پێدابوون. لەسەر ئەم ئیجرائاتە تووندانەمان بەردەوام دەبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە، کە سەرپێچیی یاساییە و هۆکاری زیان و مەترسیی گەورەن."
 
فەریق رووکن وەلید خەلیفە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا گوتی، "بە دڵنیاییەوە هۆکارەکە کاری نایاساییە، چاودێری دەکرێت لەلایەن بەرگریی شارستانی و لیژنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێپرسینەوەی ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن. وەکو دەبینی، هەموو تیمەکان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەدان."
 
هۆکاری ئەم ئاگرە شۆرتی کارەبا بووە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لە 5500 ئاگریان کوژاندووەتەوە و 165 حاڵەتی رزگارکردنیان هەبووە.
 
زۆربەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق لە وەرزی هاوین روودەدەن. بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە  24% زیادیان کردووە. زۆربەی کات ئەو کاتە ئاگرەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کراوە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی، کە کەلوپەلەکان بە تەواوەتی سووتاون و هیچ یەکێکیان بە ساغی و سەلامەتی نەماون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە