سێ کاژێرە ئاگر لە بازاڕێکی بەغدا کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی شۆریجەی بەغدا کە بە بازاڕی کۆفرۆشان ناسراوە ئاگری گرتووە. بازاڕەکە کۆنە و لە ئەنجامی ئاگرەکەدا دەیان دووکان و کۆگە سووتاون و تاوەکو ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئاگرەکە نزیک کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، کەوتەوە. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، بازاڕەکە تایبەتە بە کۆفرۆشان و تێیدا زۆر شتی وەک پێڵاو، پلاستیک و جلوبەرگ دەفرۆشرێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و تەسکیی کۆڵانەکان، تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
شاهێدحاڵێک بە رووداوی گوت، "هۆکاری رووداوەکە شۆرتی کارەبا بوو؛ سەرەتا باڵەخانەیەک ئاگری گرت، دواتر تەشەنەی کرد بۆ چواردەوری خۆی".
بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کە لە شوێنی رووداوەکەوە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی دەکرد، لەو سنوورە ناوبەناو ئاگادار دەکەوێتەوە و هۆکاری زوو تەشەنەکردنیشی گێڕایەوە بۆ دروستکردنی بنمیچی کۆگەکان بە کەرەستەی ساندویچ پەناڵ کە زۆرینەی پێکهاتەکەی پلاستیکە و کارپێکردنیشی قەدەخەکراوە.