سێ کاژێرە ئاگر لە بازاڕێکی بەغدا کەوتووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی شۆریجەی بەغدا کە بە بازاڕی کۆفرۆشان ناسراوە ئاگری گرتووە. بازاڕەکە کۆنە و لە ئەنجامی ئاگرەکەدا دەیان دووکان و کۆگە سووتاون و تاوەکو ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
ئاگرەکە نزیک کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، کەوتەوە. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، بازاڕەکە تایبەتە بە کۆفرۆشان و تێیدا زۆر شتی وەک پێڵاو، پلاستیک و جلوبەرگ دەفرۆشرێت.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و تەسکیی کۆڵانەکان، تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
شاهێدحاڵێک بە رووداوی گوت، "هۆکاری رووداوەکە شۆرتی کارەبا بوو؛ سەرەتا باڵەخانەیەک ئاگری گرت، دواتر تەشەنەی کرد بۆ چواردەوری خۆی".
 
بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کە لە شوێنی رووداوەکەوە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی دەکرد، لەو سنوورە ناوبەناو ئاگادار دەکەوێتەوە و هۆکاری زوو تەشەنەکردنیشی گێڕایەوە بۆ دروستکردنی بنمیچی کۆگەکان بە کەرەستەی ساندویچ پەناڵ کە زۆرینەی پێکهاتەکەی پلاستیکە و کارپێکردنیشی قەدەخەکراوە.
 
 
خاوەنی یەکێک لە کۆگەکان بە رووداوی گوت، "تەنیا لە کۆگەکانی ئەم ناوچەیەدا دەیان هەزار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە. بەگشتی زیانی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار هەیە".
 
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "هۆکاری گەورەبوونی ئاگرەکە بوونی مادەی ساندویچ پەناڵە بۆ بنمیچی باڵەخانەکان، لەکاتێکدا بە فەرمی قەدەخەیە".
 
بە پاساوی سەرقاڵبوونیان بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەوە، بەرگری شارستانیی بەغدا ئامادە نییە لەبارەی رووداوەکەوە قسە بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە