وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوو بازرگانی دەستگیرکرد مادەی هۆشبەریان بە درۆن گواستووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادە هۆشبەرەکانی لە پارێزگای دیوانییە راگەیاند کە چوار درۆنیان بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێناوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "هێزێکی پۆلیسی پارێزگای دیوانییە کە لە پۆلیسی کاروباری مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هەواڵگریی پارێزگاکە پێکهاتبوون، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد کە چوار درۆن و بڕێک مادەی هۆشبەر و چەکیان پێبووە."
بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای دیوانییە، ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون درۆنیان بۆ گواستنەوە مادەی هۆشبەر لەنێوان پارێزگاکان بەکارهێناوە، تۆمەتبارەکان دوای پشکنینی ماڵەکانیان، جگە لە مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، چەک و دەمانچەشیان پێگیراوە.
جگە لەوەی کەرەستەی تایبەت بە دروستکردنی دەرزیی تایبەت بە مادەی هۆشبەریشیان پێگیراوە، دەستگیرکراوان و کەلوپەلە دەستبەسەرکراوەکان رەوانەی دادگە کراون بۆ گرتنەبەری رێککاری یاسایی لە بەرامبەریان.
14ـی تەممووزی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ دەستبەسەر بڕی تۆنێک و 822 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و حەوت هەزار و 705 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون.
لەو ژمارەیە هەزار و 435 کەسیان بازرگان بوون، 147یشیان بازرگانی نێودەوڵەتی، لەو ماوەیەدا سزای لەسێدارەدان بۆ 72 کەس بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر و 119 سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی دەرچووە.