رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە رایگەیاند، 20ى تەممووز دیاریکراوە بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و سێ سیناریۆ لە نێو لایەنە سوننەکان تاوتوێ کراوە.
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ئێستاوە تاوەکو 20ى تەممووز دیاریکراوە بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لە نێوان لایەنە سوننەکان یەکلا بکرێتەوە و ئەو رۆژە کۆبوونەوەى پەرلەمان بکرێت بۆ هەڵبژاردنى.
9ى تەممووز، دووەم وەرزى یاسادانانى پەرلەمان دەستىپێکردەوە، بەڵام کۆبوونەوە نەکرا. بە گوتەى ئەحمەد عیساوى، دواخستنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ 20ى تەممووز بۆ کۆتاییهاتنى پشووەکانى مانگى موحەڕەم و دەرفەتدانە بۆ رێککەوتنى لایەنە سوننەکان لەسەر ئەو پۆستە.
لە 14ـی تشرینى دووەمی پارەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامی لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
دوو جار پەرلەمان دانیشتنى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کردووە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دووەمى دەنگداندا دانیشتنەکە هەڵگیراوە، دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ى ئایار بوو رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەم لە نێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوى راگیرا.
ئەحمەد عیساوى کە رەوتەکەى بەشێکە لە هاوپەیمانى چوارچێوى هاوئاهەنگیى شیعە رایگەیاند: "لەنێو لایەنە سوننەکان تاوتوێى چەند سیناریۆیەک کراوە، ئەوانیش: یەکلا کردنەوەى پۆستەکە لە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى، یان پەنابردن بۆ بەربژێرى سێیەم، یانیش دەستەبەرداربوونى پارتى تەقەدووم لەو پۆستە کە بۆ هاوپەیمانى سەروەرى تاوەکو لە بەرامبەردا وەزارەتەکانى بازرگانی و پەروەردەیان پێبدەن."
لە دواى چۆڵبوونى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان، بە کاتیی وەک سەرۆک کۆوبونەوەکان بەڕێوەدەبات کە سەر بە هاوپەیمانى چوارچێوى هاوئاهەنگییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ