لە بەغدا کۆگەیەکی نهێنی دۆزرایەوە 11 ملیۆن کارتۆن دەرمانی قاچاخی تێدا بووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی 11 تۆمەتباری لەنێو کۆگەیەکی گەورەی هەڵگرتنی دەرمان دەستگیرکرد کە ملیۆنان حەبی تێدابووە و بەبێ پشکنین هەڵگیراون.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستیان بەسەر کۆگەیەکی هەڵگرتنی دەرمان لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا گرتووە، کۆگەکە ملیۆنان حەبی تێدا بووە.
 
ئەو دەرمانانەی لەو کۆگایەدا بوون، "هیچیان بە پشکنینی پزیشکیدا تێنەپەڕیون. رەزامەندی بۆ کردنەوەی کۆگەکە نەبووە و ئەو دەرمانانەشی تێیدا بوون هەموویان قاچاخ بوون."
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆ، کۆگەکە 11 ملیۆن کارتۆن دەرمانی تێدابووە کە لە سەرچاوەی جیاوازەوە هاوردەکراون. ئەو کەسانەی دەستگیکراون رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان لە دژ بگیرێتەبەر.
 
ئەو دەرمانانەشی دەستیان بەسەردا گیراوە رادەستی لایەنەکان کراون و کۆگەکەش داخرا.
 
وەفا شمەری، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەرمانی قاچاخ و کوالێتی خراپ لەو کارەساتانەن کە لە کەرتی تەندروستی تاوەکو ئێستاش هەیە، دەبێت حکومەت کۆنترۆڵی زیاتری ئەو دەرمانانە بکات کە لەبری چارەسەر، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی.