مەلا شوان لە نوێترین وێنەیدا

16-07-2015
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن مەلا شوان
A+ A-

رووداو - هەولێر

مەلا شوان، ئەو مەلایەی لە هەولێرەوە پەیوەندی بە ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كرد و ماوەیەكی زۆرە بووەتە باسوخواسی سەرجەم ناوەندە رۆژنامەڤانییە کوردییەکان لە باشووری کوردستان و جارێكی دیكە دەركەوتەوە.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر وێنەیەکی مەلا شوان بڵاوکراوەتەوە و لەسەری نووسراوە:" ئەمە وێنەیەکی نوێی مەلا یەحیا و مەلا شوانە، لەخاکێک کە شەرعی خوا تێیدا حکوم دەکات". وا دەردەکەوێت لە شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک ئەم وێنەیان گرتبێت.
 
بەگوتەی داعش، مەلا شوان پۆستی بەڕێوەبەری "دیوانی دەعوە و مزگەوتەكانی" ولایەتی كەركووكی لە لایەن داعشەوە وەرگرتووە. سەرەڕای ئەوەی داعش وەك پەیامنێر مایکیان پێهەڵگرت و هەڕەشەی سەربڕینی 17 دیلی پێشمەرگەی دەکرد. چەندجارێك پێش ئێستا مەلا شوان لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە شاری كەركووك دەركەوتووە.

مەلا شوان لە مزگەوتی مام جەعفەر لە شارۆچكەی دارەتوو، لە نزیك هەولێر پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، مانگی 11/2014 چووە ریزی چەكدارانی داعش، بەپێی زانیارییەكان بە خاوەنی مزگەوتەكەی گوتووە بە سەردان دەچێتە سلێمانی، بەڵام لە رێگەی كەركووكەوە چووەتە نێو داعش.

 شوان لەساڵی 2006 ژنی هێناوە. باوكی دوو كچە بە ناوەكانی (هانا و هالە)، دوو خوشك و دوو برای هەیە و دایك و باوكی لە هەولێر دادەنیشن. باوكی مەلا خاوەن پێداویستی تایبەتە. مەلا شوان سەر بە یەكێك لە عەشیرەتە دیارەكانی كوردستانە و لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی زێبارۆكی سەر بە قەزای شەقڵاوەیە. سەرجەم دانیشتووانی گوندەكەی مەلا شوان موسڵمانن و مزگەوتێكیش لە ناوەڕاستی گوندەكەدا هەیە.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە