کوردەکان بازاڕی نەبی یونسی موسڵ جێدەهێڵن؛ '90٪یان رۆشتوون'
رووداو دیجیتاڵ
لە موسڵ بازارێکی قەرەباڵخ و ئاوەدان هەیە ناوی بازاڕی کوردە، کاتی خۆی زیاتری 80٪ـی دووکاندار و بازرگانانی بازاڕەکە کورد بوون، ئێستا بە دەگمەن کوردێکی تێدا دەدۆزیتەوە. موختاری نەبی یونس دەڵێت، 90٪ی کوردانی ئەم بازاڕە رۆیشتوون و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
حاجی نەزیر عەبدوڵڵا لەدایکبووی موسڵە. لەماوەی 40 ساڵی دووکاندارێتی دا، کۆچی کوردانی زۆر بینیوە.
حاجی نەزیر دەڵێت: "هۆکارەکانی نەمانی کورد داعش و کوشتن و هەڕەشەکردن بوو لێیان. ئەوانیش هەمووی بەرەو کوردستان رۆیشتن، هەموو عەشیرەتەکانی کورد لێرە هەبوون، بەڵام گۆران، زێباری، هەرکی و سوورچی لە هەمووی زیاتر بوون، هەموو جۆرێک هەبوون."
میقداد رەشید دووکاندارە، تەمەنێکی لەو بازاڕە بەسەر بردووە و دەڵێ کورد ئێستا لەم بازاڕە تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە: "ئەم کۆڵانە پێی دەگوترا بازاڕی کوردەکان، پێشتر پێمان دەگوت بازاڕی گومبەز، بەڵام لە ساڵانی چل و پەنجا و شەستەکان بەهۆی زۆربوونی کورد لەم بازاڕەی نەبی یونس و ئەم ناوچەیە ناونرا بازاڕی کوردەکان، ئێستا دەڵتەنگین و نامانەوێ باسی بکەین، بەڵام ئەمە راستییەکە، رێژەی کورد زۆر کەمی کردووە."
لە بازاڕی نەبی یونس، ئەو کۆڵانەی پێی دەگوترێ بازاڕی کوردەکان، پێش ساڵی 2003 رێژەی کورد زیاتر لە 80٪ بووە، بەڵام رووداوە یەک لەدوای یەکەکان کە بەسەر موسڵ دا هاتوون رێژەی کوردیان لەو بازاڕە بۆ 10٪ کەمکردووەتەوە.
یاسین نعێمی، موختاری نەبی یونسە، دەڵی 90٪ـی کوردەکانی ئەم بازاڕە نەماون، کەسیش لەوان نەگەڕاوەتەوە: " ئەگەر پێش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە واتا پێش ساڵی 2003 رێژەی کورد لە 80٪ بووایە لەم بازاڕە، ئێستا 10٪ ماون، ئەوەی دەرچووە ناگەڕێتەوە، ئەوەی ماڵی فرۆشتوە و لە هەرێمی کوردستان کاری دەستکەوتووە، نەگەڕایەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێش ساڵی 2003 کورد 33٪ی دانیشتووانی پارێزگای نەینەوای پێکدەهێنا، بەپێ ئامارە نافەرمیەکان، ئێستا کورد لەو پارێزگایە رێژەیان بۆ کەمتر لە 25٪ دابەزیوە.