لە بەغدا لەگەڵ هاتنی جەژن خواست لەسەر دشداشەی عەرەبی زیاد دەبێت

16-06-2024
زیاد ئیسماعیل
دووکانێکی جلی عەرەبی.
دووکانێکی جلی عەرەبی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ هاتنی جەژن لە بەغدا خواست لەسەر دشداشە و جلی عەرەبیش زیاد دەکات.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، دووکانێکی فرۆشتنی جلی عەرەبییە، لە رۆژانی ئاسایی هەرگیز ئەو قەرەباڵخیە بەخۆیەوە نابینێت. زۆرینەی ئەو کڕیارانەی لەوێن دشداشەکەیان تەنیا رۆژانی جەژن لەبەر دەکەن.
 
مستەفا عەبدوڵڵا، کڕیاری جلی عەرەبی دەڵێت: "بەبەردەوامی نا، بەڵام لە جەژندا دشداشە لەبەر دەکەم لە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. راهاتووین یەکەم رۆژی جەژن دشداشەی سپی لەبەربکەین . جلی عەرەبی شتێکی جوانە، فراوانە وەکو جینس و جلوبەرگەکانی دیکە نییە تەسک بێت. جلی عەرەبی بۆ هەر کوێیەک بتەوێت دەتوانی پێی بچیت."
 
بۆ دووکاندارانی جلی عەرەبی رۆژانی جەژن کاتی زێڕینە. لە یەکێک لە دووکانەکانی بەغدا رۆژانە نزیکەی 100پارچە جلوبەرگ دەفرۆشرێت، جگە لە دشداشە؛ عەبا، ئێلەگ و عەگاڵ- یش دەفرۆشرێت، بەڵام زۆرینەی خواست لەسەر دشداشەیە.
 
خالید حەسون، دووکاندارە و دەڵێت: "نزیکەی لە 100%ـە. لە رۆژانی ئاسایی تەنیا کڕیارەکانی خۆت دێن، بەڵام لە رۆژانی جەژن بەشێوەیەکی گشتی هەموو کڕیارێک دێت ئەگەر بۆ تەماشاکردنیش بێت. تەنانەت لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش. ئەوانەی کڕیارن و ئەوانیشی نایکڕن و تەنیا تەماشای بەرهەمەکان دەکەن دەبیندرێن بەگشتی." 
 
بەرگدوور و دیزاینەرێکی جلی عەرەبی دەڵێت، بەتەمەنەکان جلی عەرەبیی سادە و گەنجان-یش ئەو دشداشانە داوا دەکەن کە ئێکسسواراتی بۆ زیاد دەکرێت.
 
محەممەد رازی، ئەو بەرگدوور و دیزاینەری جلی عەرەبییە و دەڵێت: "شتی زیادکراو بۆ جلی عەرەبی ئێکسسواراتە. ئەم ئێکسسواراتە نوێیانە بۆ جلی عەرەبی زیاد کراوە، گەنجان بەتایبەت حەزیان لێیە. بەڵام ئەوانەی دشداشەی فەرمی لەبەردەکەن ئەمانەیان ناوێت. ئەم ئێکسسواراتانەش هەن."
 
مەهدی مەتەر، هاووڵاتییەکە و دەڵێت: "من چوار کوڕم هەیە، بەس کوڕە گەورەکەم دشداشە لەبەر دەکات، ئەوانی دیکە تراکسووت لەبەر دەکەن. رای ئەوانم گۆڕی (بۆ ئەوەی دشداشە لەبەر بکەن) دوای چەند رۆژێک گوتیان دشداشە بەکەڵکمان نایەت."
 
بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕانکاریی زۆر بەسەر جلوبەرگی عەرەبیشدا هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی لەدەستنەداوە بۆ نموونە شێوازی بەستنی عەگاڵ و رەنگەکەی زۆرجار دەریدەخات کە ئەو کەسە خەڵکی کوێیە و تەنانەت مەزهەبەکەیشی چییە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە