پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە سبەی دووشەممەوە شەپۆلێکى گەرما عێراق بگرێتەوە و چوار رۆژ بەردەوام بێت. پێشبینییەکە بەو جۆرەیە پلەى گەرما لە هەندێک شار بگاتە 51 پلەى سیلیزى. ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کەشناسێک دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو کاریگەری شەپۆلەکە بگاتە ئێرە.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 16-6-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی گەرما عێراق دەگرێتەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. پلەى گەرما لە هەندێک شار دەگاتە سەروو پەنجا پلەى سیلیزى".
بەگوێرەى پێشبینى دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، دووشەممە پلەى گەرما لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار دەگاتە 50 پلە؛ سێشەممە لە شارەکانى عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان و بەسرەی ناوەندی پارێزگای بەسرە 50 پلە دەبێت؛ رۆژى چوارشەممە پلەی گەرما لە نەجەف دەگاتە 50 پلە و سێ شارە ئاماژەپێکراوەکەی دیکەش پلەی گەرما تێیاندا هەر 50 پلە دەبێت؛ رۆژى پێنجشەممە پلەى گەرماى بەسرە، عەمارە، ناسریە و نەجەف دەگاتە 51 پلە.
عامر جابری رایگەیاند، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵى رابردوو ئەو شەپۆلە پێشکەوت کە پلەى گەرما تێیدا دەگاتە سەروو 50 پلەى سیلیزى و ئەوەش بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوایە، لە کاتێکدا ساڵى 2023 لە 21ى تەممووزدا ئەو شەپۆلە عێراقی گرتەوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور و پلەی گەرماش بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر 42 پلەی سلیزی
سلێمانی 40 پلەی سیلیزی
دهۆک 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک 44 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە 42 پلەی سیلیزی
زاخۆ 42 پلەی سیلیزی
سۆران 38 پلەی سیلیزی
گەرمیان 46 پلەی سیلیزی
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزبێتەوە.
ئەو کەشناسە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما لە هەڵەبجە و سلێمانی لەنێوان 37 بۆ 44 پلە، هەولێر و دهۆک 47 یان 48 پلە، کەرکووک 48 یان 49 پلە، گەرمیان 50 پلەی سیلیزی بێت.
محەممەد کەمال باس لەوە دەکات، دوای نیوەڕۆی زۆربەی رۆژەکانی سەرەتای هەفتەی داهاتوو خێرایی با چالاک دەبێت و هەربۆیە هاونیشتمانیان هەست بە گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن دەکەن.