دەستەی دەستپاکی: تۆمەتبارێکمان لە بێلاڕووس وەرگرتەوە کە شەش ملیار دیناری بردبوو
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان لە بێلاڕووس وەرگرتووەتەوە، کە تۆمەتبارە بە بردنی شەش ملیار دینار. دەشڵێت، تۆمەتبارەکە لە وەزارەتی تەندروستی کاری کردووە.
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، بە ئاژانسی فەرمیی عێراق (واع)ـی رایگەیاند: "ئەو تۆمەتبارەمان لە بێلاڕووس وەرگرتەوە کە تۆمەتبارە بە بردنی شەش ملیار دیناری عێراقی، ئەو پێشتر فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستی بووە و گەیێندراوەتەوە عێراق، چاوەڕوانی هاتنی دوو تۆمەتباری دیکەش دەکەین."
سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەداوە، دەستەکەیان بەردەوامە لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتان لەپێناو وەرگرتنەوەی تۆمەتباران و گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق ئەوانەی براونەتە دەرەوە.
بەگوێرەی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەو فەرمانبەرە، کە ئافرەتە، ناوی جینان جەواد قەیسییە، بەرپرسی دارایی فەرمانگەی کارگێڕی، دارایی و یاسایی بووە لە وەزارەتی تەندروستی و زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە.
بەرپرسەکەی پێشووی وەزارەتی تەندروستی تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە لە دەرەوەی رێنوێنی و رێکارە تایبەتەکانی خەرجکردنەوە، مووچەی بۆ کۆمەڵێک پاسەوانی وەهمی بە بڕی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار خەرجکردووە.
ژنەکە لە لیستی سووری پۆلیسی نێودەوڵەتی ناوی هەبووە و دوای دەستگیرکردنی لە بێلارووسەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
پێشتر دادگەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەو ژنە بەپێی مادەی 340ی یاسای سزادانی عێراق بە حەوت ساڵ بۆ دەرکردبووە.
بەگوێرەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە.