دەستپاکیی عێراق: دوو خانوو بە نایاسایی دراونەتە برازایەکی راکان جبووری

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دوو خانوو دراونەتە کەسێکی نزیکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت؛ بەڵام ئەو کارە پێچەوانەی یاسایە.
 
بەپێی دەستەکە، لیژنەی دابەشکردنی پارچە زەوی لە پارێزگا و شارەوانیی کەرکووک دوو خانووی لە دەرەوەی رێکار و رێنوێنییەکان داوە بە برازاکەی راکان جبووری. دوای وردبینی و لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە لە ماوەی تەرخانکردنی زەوی، زیاتر لە خانوویەکی بەناوەوە تۆمارکراوە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و ژمارەیەک دۆسیەی دیکە ناردووەتە کەرکووک.
 
یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەی لەلایەن دەستەکەوە لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە، جیاوازیی خەمڵاندنی جێبەجێکردنی قوتابخانە و یاریگەیەکە لە یەکێک لە گوندەکانی قەزای دوبز؛ دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە جیاوازییەکە دەگاتە 393 ملیۆن دینار، فەرمانی جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆژەیەش لە بەشی پلاندانانی پارێزگای کەرکووکەوە دەرچووە، مامەڵەکانی هەردوو پڕۆژەکەش لە بەشی ژمێریاریی پارێزگا دەرهێندراون.
 
دەستەی دەستپاکی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووکیش دۆسیەیەکی گەندەڵیی دۆزیوەتەوە، دەرکەوتووە لیژنەی چاککردنەوەی ئامێرەکان لەو بەڕێوەبەرایەتییە، مامەڵەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی بە پشتبەستن بە واژۆی ساختە و وەسڵی نادروست کردووە، مامەڵەکانیش بە ساختەکردنی واژۆی یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی چاککردنەوە کراوە.