یاسای بودجە گەیشتە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023ـی عێراق لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت. سەرچاوەیەکیش لە سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاند، یاسای بودجە رۆژی پێنجشەممە گەیشتووە و چاوەڕوانی سەرۆککۆمار دەکرێت بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و دواتر لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.
رۆژی هەینی، 16-6-2023، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نێردراوە و گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ واژۆکردنی."
بەپێی نووسراوێکی عەتوانی، کە رۆژی چوارشەممە، 14ـی حوزەیران بۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ناردووە داوا دەکات یاسای بودجە بنێرن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسندکردنی.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆمار بە رووداوی گوت، "یاساکە گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار" بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
سەرۆککۆماری عێراق کە لە رۆژی 11ـی حوزەیرانەوە لە دەرەوەی عێراقە، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا واژۆ لەسەر یاسای بودجەی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا.