وەزیری بازرگانیی عێراق: بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵا گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرین

16-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە مەخموورەوە وەزیری بازرگانیی عێراق وەرزی دروێنەی گەنمی لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند و گوتی، بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵا، گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-05-2024، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق سەردانی قەزای مەخمووری کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی گەنمی لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
 
وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی: "مەخموور بە قورساییە کشتوکاڵییەکەیەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە، ئامادەکاریی بۆ ئەم وەرزە کراوە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای نەینەوا".
 
ناوەندی قەزای مەخموور بە دووری 65 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر. لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. پێکدێت لە ناحیەکانی قەراج، دیبەگە، گوێڕ و مەلاقەرە.
 
تائێستا لە هەموو عێراق دوو ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە، یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
حکومەتیی عێراق بڕیاریداوە ئەم ساڵ هەموو گەنمی جووتیاران وەربگیرێت؛ رەنجە جەمال، پەیامێنری رووداو لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پرسیاری لە وەزیری بازرگانی کرد. لە وەڵامدا گوتی: "گەنمی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵا وەردەگرین".
 
لیژنەی باڵا بە فەرمانی 57 دیوانی بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵیی عێراق پێکهاتووە، نوێنەری هەرێمی کوردستان و لایەنی دیکە لە لیژنەکەدا ئەندامن. غرێری گوتی: "لیژنەکە بڕیار لەسەر هەر بڕێک بدات، وەزارەتی بازرگانی لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەکە ئەو بڕە گەنمە وەردەگرێ و هیچ کێشەیەکمان نییە".
 
عەبدوڵڵا سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی نەینەوا رۆژی دووشەممە، 13-05 - 2024، بە رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا، ئەم ساڵ سەرووی سێ ملیۆن و 670 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە. پێشبینی دەکەن بەرهەمەکەی بگاتە سەرووی ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن.
 
عەبدوڵڵا سەعید گوتی: "تەنیا لە قەزای مەخموور زیاتر لە 185 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە لە رێگەی سیستمی ئاودێرییەوە "مورەشە" ئاو دراون، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی بگاتە 490 هەزار تۆن گەنم".
 
عەبدوڵڵا سەعید دەڵێت: "ساڵی رابردوو هەموو گەنمی مەخموور وەرگیرا، دوای پڕبوونی سایلۆی مەخمووریش 120 بۆ 200 بارهەڵگری گەنم بۆ سایلۆی تەلعەفەر گواسترایەوە".
   
سایلۆی مەخموور، توانای وەرگرتنی 215 هەزار تۆن گەنمی هەیە، بەپێی خشتەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا، دەبێ ئەم ساڵ سایلۆکە نزیکەی 393 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''لەگەڵ قایمقامی قەزاکە ژوورێکی هاوبەشمان پێکهێناوە و بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەرپرسانی مووسڵ لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی گرفتی ساڵانی رابردووی جووتیاران دووبارە نەبنەوە.''
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف.

خۆڵبارین فڕۆکەخانەی نەجەفی داخست و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بەردەوامن

بەهۆی خۆڵبارینەوە فڕۆکەخانەی نەجەف داخرا، فڕۆکەخانەی بەسرە دوای ماوەیەک راگرتن، گەشتە ئاسمانییەکانی دەستیپێکردووەتەوە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغداش بەردەوامن.