وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 100 بازرگانی مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی رابردوو و ئەم ساڵدا سزای لەسێدارەدان بۆ زیاتر لە 100 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرکراوە. دەشڵێت، ئەم ساڵ دۆسیەی ئەمنیی شەش پارێزگای عێراق لە سوپاوە بۆ پۆلیس دەگوێزرێتەوە.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی ناسنامە و پاسپۆڕت و نشینگەی عێراق رایگەیاند: "ئەم ساڵ لە ساڵی 2024 دۆسیەی ئەمنی پێنج پارێزگای دیکە بۆ پۆلیس دەگوێزرێتەوە."
 
ساڵی رابردوو دۆسیەی شەش پارێزگا گواسترانەوە، بەو پێیە کۆتایی ئەم ساڵ 11 پارێزگا لە دەستی پۆلیسدا دەبن. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکانی بەغدا، بەسرا، کەرکووک و میسان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لە دۆخی سنوورەکانی عێراق کرد و گوتی: "لەسەر سنووری سووریا دەستمان بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێت کردووە، کە درێژییەکەی 618 کیلۆمەتر دەبێت، دیوارە کۆنکرێتییەکە 170 کیلۆمەتری لە باکووری چیای شنگال تەواو بووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەدا بۆ یەکەم جارە لە سنووری عێراق و سووریا کێبڵێکی تیشکی بەدرێژیی 400 کیلۆمەتر دادەنرێت و تەواوبووە، بۆ یەکەمجارە لەرێگەی 320 خاڵ وێنەی زیندوو بۆ بەغدا دەگوێزێتەوە.
 
سەبارەت بە سنوورەکانی عێراق و ئێرانیش، گوتی: "باڵۆنمان لە سنوورەکانی پارێزگاکانی میسان و سلێمانی واست و دیالە بەدرێژایی 25 کیلۆمەتر داناوە و 60٪ـی کارەکانی تەواو بووە."
 
بڕیارە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و سعودیە بەم نزیکانە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2015ـەوە کۆببنەوە، وەکو ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی هاوئاهەنگیی پۆلیسی نێودەوڵەتیی عەرەبی کرد و گوتی: "لە رێگەی پۆلیسی عەرەبیی نێودەوڵەتییەوە، ئەم ساڵ 25 داواکارمان وەرگرتووەتەوە و سێ داواکاریشمان رادەستی وڵاتانی عەرەبی کردووە."
 
تایبەت بە پرسی مادەی هۆشبەر، ئاماژەی بەوەدا، ساڵی رابردوو و ئەم ساڵ سزای لەسێدارەدان بۆ زیاتر لە 100 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرکراوە.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لیوا نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتی ناسنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق، باسی لە چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی کرد و گوتی تاوەکو ئێستا نزیکەی 39 ملیۆن کارتی نیشتمانی دەرکردووە، 38 ملیۆن و 167 هاووڵاتی کارتی نیشتمانییان بۆ دەرکراوە، بەشەکەی دیکەشیان ئەوانەن کە هاوسەرگیریان کردووە یان منداڵی تازە لەدایکبوو و خەڵکی دیکەن."
 
گوتیشی، لە 329 بنکە لە زاخۆوە تاوەکو فاو کارتی نیشتمانیی دەردەکرێت و لە دوای راگەیاندنی کارنەکردن بە ناسنامەی باری شارستانی، خەڵکێکی زیاتر روویان لە بنکەکانی دەرکردنی کارتی نیشتمانی کردووە.
 
سەبارەت بە پاسەپۆرتیش، لیوا نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی گوتی: "لە پاسپۆرتی جۆری ئەی 22 ملیۆن  و 150 هەزار پاسپۆرتمان دەکردووە، هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 19 هەزار و 198 پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییمان لە جۆری B دەرکردووە."
 
40 نووسینگە کار لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەکات، 15یان دەرەوەی عێراقن، وەکو ئەوە بەرپرسە عێراقییە گوتی.
 
هەروەها لەبارەی بابەتی ڤیزە ئاشکرایکرد: "لە چوارچێوەی کارەکانی ڤیزەی لە کاخەزییەوە بۆ ئەلیکترۆنی هەوڵەکان بەردەوامن، ئەم ساڵ 17 هەزار و 347 ڤیزەی ئەلیکترۆنیمان بەخشیوە، جگە لەوەی ئەم ساڵ 4 ملیۆن و 120 هەزار  722 هاتن و چوون هەبووە بۆ نێو عێراق و دەرەوەی عێراق هەبووە."