بەرنامەیەکی کەناڵەکەی قەیس خەزعەلی بەهۆی سووکایەتیی بە هاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلام راگیرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی سووکایەتیکردن بە ژمارەیەک لە هاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلام، بەرنامەیەکی کەناڵەکەی قەیس خەزعەلی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێت.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە نووسراوێک بەرنامەی "نیوەی بازنە"ـی کەناڵی ئەلعەهدی ئاسمانیی عێراقی راگرت، دوای ئەوەی رۆژی 6ـی ئەم مانگە لەلایەن پەرلەمانتاری شیعە، عەلی تورکی جەمالییەوە هێرشکرایە سەر بەشێک لە هاوەڵانی پەیامبەری ئیسلام و نەفرەتی لێکردن.
 
رۆژی 6ـی ئەم مانگە عەلی تورکی جەمالی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقون (سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق)، لە بەرنامەکەدا هێرشی کردە سەر عومەری کوڕی خەتاب و مەعاوییەی کوڕی ئەبی سوفیان و یەزیدی کوڕی معاویە و گوتی: "نەفرەتی خوایان لێبێت."
 
لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی شیعە لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا نیگەرانیی لایەنە سونییەکانی لێکەوتەوە. زیاتر لە سێ سکاڵا لە دژی تۆمارکران، بە پاساوی ئەوەی "هەوڵێکە بۆ دووبەرەکی نانەوە و وروژاندنی تایفەگەری."
 
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بڕیارەکەی بە پشتبەستن بە پێشێلکردنی مادەی یەکی دەروازەی دووەمی رێسای پەخشکردن دەرکردووە و دەڵێت: "پێشکێشکاری بەرنامەکە سەرکەوتوو نەبوو لە بەڕێوەبردنی وردی وتوێژەکە، میوانەکەی بە پیشەگەری پابەند نەکردووە و رێگری نەکردووە لە وروژاندنی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان و کۆمەڵگەی عێراقی." 
 
دەستەکە باسی لەوەشکردووە، بە پێچەوانەوە دەرفەتی داوە بە خستنەڕووی ناوەڕۆکێک، کە رەهەندی مەزهەبییان هەیە و ناکۆکییان لەسەرە و ئەوەش بەرنامەکەی لە سیاسییەوە بۆ ناکۆکی ئاینی بردووە.
 
د. عەبدوڵڵا نعێمی، گوتەبێژی دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، پێی وایە بڕیارەکە تەنیا بە راگرتنی بەرنامەکە کۆتایی نایەت، دەڵێت: "ئەمڕۆ بڕیار دەدەین هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت و چۆن جوڵە دەکەین، بەڵام بەگشتیی ئێمە سکاڵای یاساییمان لە دژی ئەو پەرلەمانتارە تۆمارکردووە و نایکشێنینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
 
عەلی تورکی جەمالی، لە لێدوانێکدا لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، گوتی، ئەو مەبەستی سووکایەتیکردن بە جێنشینانی پەیامبەری ئیسلام نەبووە.
 
بەرنامەی "نیو بازنە" رۆژانە لە کەناڵی ئەلعەهدی سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات پەخش دەکرێت، لەلایەن د.هانی عەبدولساحبەوە پێشکێش دەکرێت.