لە بەغدا کچێک بە 'پاساوی شەرەف' دەکوژرێت

16-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری بەغدا، ماتۆڕسوارێک تەقەی لە کچێک کرد و کوشتی. شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "بکوژەکە برای کچەکە بووە." 

رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو لە ناوچەی یەرمووک لە بەری کەرخ-ی شاری بەغدا روویداوە. ماتۆڕسوارێک تەقەی لە کچێکی تەمەن نزیکەی 20 ساڵان کرد و کوشتی.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، پێنجشەممە 16-05-2024 لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "بکوژەکە برای کوژراوەکە بووە، بە پاساوی شەرەف لە نزیک یانەی یەرمووک لە گەڕەکی 610 تەقەی لە خوشکەکەی کردووە و دواتر رایکردووە."
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەشڵێت، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە، هێزە ئەمنییەکان بەدوای بکوژەکەوەن، بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن و بەگوێرەی یاسا سزای بدەن.
 
لە بیست رۆژی رابردوودا ئەوە دووەم رووداوی لەم شێوەیە لە بەغدا، شەوی 26ی مانگی رابردوو ئوم فەهد کاراکتەری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەی زەییونەی شاری بەغدا لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە