لە 216 گۆڕی بەکۆمەڵی عێراق، 86ـیان هەڵنەدراونەتەوە

16-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە عێراق 216 گۆڕی بە کۆمەڵ هەن، 86یان هەڵنەدراونەتەوە، وەزارەتی شەهیدانی کوردستانیش داوا دەکات حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی بۆ هەڵدانەوەیان بگرێتە ئەستۆ.
 
د. فازڵ غەڕراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق بۆ ئەوەی ژمارەی دروستی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لەلابێت، دەبێت پشت بە مانگە دەستکردەکان و تەکنەلۆژیای نوێ ببەستێت، چونکە نەبوونی ئەو دووە، لەپاڵ کەمیی سەرچاوە مرۆییەکان و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کارەکەی قورسکردووە و زیاتر دوای دەخات."
 
ئەمڕۆ 16ـی ئایار، رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لە عێراق. بەپێی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ، ئاماری گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە عێراق بەمشێوەیەیە:
 
گۆڕە بەکۆمەڵەکان: 216 
ئەوانەی هەڵدراونەتەوە: 130
ئەوانەی هەڵنەدراونەتەوە: 86
رووفاتی دەرهێندراو: 7 هەزار و 367  
 
گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی رژێمی بەعس:
 
95 گۆڕی بەکۆمەڵ
ئەوانەی هەڵدراونەتەوە: 79
ئەوانەوەی هەڵنەدراونەتەوە: 16
رووفاتی دەرهێندراو: 4 هەزار و 291
 
گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش:
 
121 گۆڕی بەکۆمەڵ
ئەوانەی هەڵدراونەتەوە: 51
ئەوانەی هەڵنەدراونەتەوە: 70
رووفاتی دەرهێندراو: 3 هەزار و 79 کەس
 
دانا محەممەد، بەڕێوبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبەر ئەوەی پڕۆسەی ئەنفال و جینۆساید بەگشتی زۆر بە نهێنی کراوە، بۆیە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە دیاریکراوی نییە، ئەو 11 گۆڕە بەکۆمەڵەشی باسدەکرێت لە باشووری عێراقن و رووفاتی ئەنفالکراوانی کوردستانیان تێدایە زۆر ورد نییە، پێمانوایە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەو ژمارەیە زیاتر بێت."
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، بەرپرسیاریێتی حکومەتی عێراقە بەدوای گۆڕەکاندا بگەڕێت و رووفاتەکان دەربهێنێت، چونکە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەو ناوچانەیە کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە."
 
یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید، لە رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "دوای 17 ساڵ لە دیاریکردنی ئەم رۆژە و 21 ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعسی فاشیست، تائێستا پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوانی کورد، یەکێکە لە پرسە پەراوێزخراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. بە جۆرێك تائێستا نەتوانراوە تەنانەت لە 10٪ـی رووفاتی قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی نیشتمان."
 
بەپێی ئاماری یەکێتییەکە لە کۆی لە کۆی 182 هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و 8 هەزاری بارزانییەکان و دەیان هەزار لەکوردانی فەیلی تەنیا هەزار و 974 رووفاتی ئەنفالکراو کە دەکاتە 1٪ـی ژمارەی ئەنفالکراوان و رووفاتی 696 جینۆسایدکراوی بارزانییەکان گەڕێندراونەتەوە کە دەکاتە کەمتر لە 9٪ـی ژمارەی جینۆسایدکراوانی ئەو تاوانە.
 
یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید دەڵێت: "لەو 301 گۆرە بەکۆمەڵەی سەردەمی بەعس کە لە عێراق دۆزراونەتەوە زیاتر لە 80٪یان گۆڕی بەکۆمەڵ و رووفاتی کوردانن."
 
گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەچوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەژماردەکرێن، لە ساڵی 2006، پەرلەمانی عێراق یاسای کاروبار و پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی پەسندکرد، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا رۆژی 16ـی ئایار بە رۆژی نیشتمانیی گۆرە بەکۆمەڵەکان هەژماربکرێت.
 
رۆژی 16ـی ئایاری 2003، دانیشتووانی قەزای مەحاویل لە پارێزگای بابل، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە رووفاتی زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێدا بوو لە منداڵان و ئافرەتان و گەنج و پیاو. بۆیە ئەو رۆژە کراوەتە رۆژی گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت