لە عێراق 202 گۆڕی بە کۆمەڵ هەن و پارە بۆ هەڵدانەوەیان نییە
رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق 202 گۆڕی بە کۆمەڵ دیاریکراون و 11یان گۆڕی بەکۆمەڵی هاونیشتمانییانی کوردن، تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەتەوە و دەزگەی شەهیدانی عێراق نەبوونی بودجەی کردووە بە بیانووی هەڵنەدانەوەی ئەو گۆڕانە.
ئەو گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق و رێکخراوى داعش، پێشبینی دەکرێت روفاتى نزیکەى چوار هەزار کەسیان تێدا بێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەو 202 گۆڕە بەکۆمەڵە، 11 یان گۆڕی بە کۆمەڵی کوردن، ترسمان هەیە بەهۆى باران و لافاوەوە تێکبچن."
هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان ئەرکى دەزگەى شەهیدانى عێراقە. چرۆ حەمەشەریف دەڵێت، پاساوى ئەو دەزگەیە بۆ هەڵنەدانەوەى ئەو گۆڕانە ئەوەیە پارەى پێویستى نییە بۆ ئەو کارە، بۆیە لە رێگەى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانەوە نووسراو ئاراستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کراوە بۆ ئەوەى پارەى پێویست بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخان بکرێت.
بەشێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە ئەو کەسانەى تێدایە، کە بە دەستی چەکدارانى داعش لە کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار کوژراون، بە تایبەتی کوردانی ئێزدی.