ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ستراتیژییەتی پەروەردە و خوێندنی پەسندکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ستراتیژییەتی نیشتمانیی پەروەردە و خوێندنی پەسندکرد و بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریش سەرمایەی سندووقی پرۆژە بچووکەکانی زیاد کرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 16-05-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد کە دیارترینیان بریتین لە: 
 
- پەسندکردنی ستراتیژییەتی نیشتمانیی پەروەردە و خوێندن لە عێراقدا (2022-2031) کە دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی رایگەیاند. 
 
- بۆ پشتیوانیی گەنجان و لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا لەسەر زیادکردنی سەرمایەی سندووقی پرۆژە بچووکەکان؛ سەرمایەکەی دەکرێتە (1,350,000,000,000) دينار کە پێشتر (150,000,000,000) دينار بوو .
 
- لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حکومەتی پێشووی کاربەڕێکەر لە 8 تشرینی یەکەمی 2021 تا 27 تشرینی دووەمی 2022، بڕیاری ژمارە 399ی ساڵی 2021ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵوەشایەوە کە تایبەتە بە دامەزراندنی دوو راوێژکار بۆ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی. 
 
- هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێدانی سووتەمەنی بە لوبنان بۆ ساڵی سێیەم درێژکرایەوە بە هەمان مەرجەکانی پێشوو کە لە تشرینی یەکەمی 2023ی داهاتوو دەستپێدەکات. کۆمپانیای سۆمۆ پابەندە بە تەواوی بەندەکانی گرێبەستە کۆنەکە و زیادکردنی بڕەکەشی بۆ 1.5 ملیۆن تۆن سووتەمەنی ساڵانە.
 
- لەپێناو پشتیوانیی هێڵی ئاسمانی عێراقیە، بڕیادرا فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقییە %20 کەمتر لە نرخی جیهانی سووتەمەنیان پێ بدرێت، ئەوەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانیان.  
 
-  هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەسەڵات درایە وەزارەتی داد تاوەکو گرێبەست لەگەڵ پزیشک و خاوەن پیشە تەندروستییەکان بکات. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە پەسندکردنی ستراتیژییەتی نیشتمانیی پەروەردە و خوێندنەوە هەیە، رۆژی دووشەممە سەرۆکوەزیرانى عێراق پلانێکى راگەیاند بۆ ناردنە دەرەوەى پێنج هەزار خوێندکار بە مەبەستى تەواوکردنى خوێندنى باڵا لە پسپۆرى جیاوازدا.
 
15ى ئایارى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیاندنى ستراتیژیىەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ناردنى ئەو پێنج هەزار خوێندکارە بۆ دەرەوە بەمەبەستى تەواوکردنى ماستەر و دکتۆرا لە چەندین بوار و پسپۆڕیى جیاوازدا دەبێت.