کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: مانگانە لە زیقار 4 هەوڵی خۆکوشتن تۆمار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای زیقار دەڵێت، لە پارێزگای زیقار مانگانە 4 هەوڵی خۆکوشتن تۆمار دەکرێن و "زۆربەشیان کچن". 
 
داخل عەبدولحوسێن مشرفاوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای زیقار رۆژی سێشەممە، 16-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەکی جێگیرمان لەبەردەست نییە لەبارەی هەوڵی خۆکوشتن لە پارێزگای زیقار، بەڵام لە رێگەی بەدواداچوونەکانمانەوە دەتوانین بڵێین کە مانگانە 3-4 هەوڵی خۆکوشتن هەیە".
 
داخل عەبدولحوسێن دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن کچن، بەتایبەتی قوتابیان و هۆکارەکەیشی بۆ ئەو بابەتانە گەڕاندەوە کە پەیوەندییان بە خوێندنەوە هەیە. 
 
ساڵی 2019 کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق 725 هەوڵدان و خۆکوشتنی لە عێراق تۆمارکردووە کە لە ئەنجامدا 21 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماری سێ ساڵی رابردوو نییە. 
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی خۆکوشتن، داخل عەبدولحوسێن مشرفاوی دەڵێ، "هۆکارەکانی خۆکوشتن جیاوازن؛ لە 2019ەوە زیقار بە دۆخێکی ناسروشتییدا تێدەپەڕێت، بەهۆی چەندین هۆکارەوە لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە ناسەقامگیرە".  
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای زیقار گوتیشی، هەوڵی خۆکوشتن زیاتر لە نێو گەنجانە بەتایبەتی کچان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مادەی هۆشبەر کاریگەری زۆریان هەیە.