سۆران عومەر سکاڵاکەی لە دژی کۆتای پەرلەمانی کوردستان کشاندەوە

16-05-2023
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکى کوردى پەرلەمانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک لەبارەى  کورسیی کۆتاى پەرلەمانى کوردستان تۆمار دەکات و دواتر بەهۆى"کەموکورتى یاسایى" سکاڵاکە دەکشێنێتەوە، کە بە گوتەى سکاڵاکارەکە بۆ ئەوەیە جارێکى دیکە پێشکێشی بکاتەوە.
 
سکاڵاکە تایبەتە بە هێنانەدى هاوسەنگى لە دابەشکردنى کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان بەسەر پێکھاتەکانى ئێزدى، سابیئەى مەندائی، کاکەیی، شەبەک، کوردى فەیلی و زەردەشتییەکان.
 
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە سکاڵاکەى پێشکێشکردبوو، لە 10ى ئایارى 2023 سکاڵاکەى لەدادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق کشاندووەتەوە، کە تێیدا داواى هەموارکردنى مادەى 36ى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى کردووە.
 
 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق رایگەیاندووە، کشاندنەوەى سکاڵاکە لەسەر داواکارى سکاڵاکارەکە بووە، بەوپێیەى لە قۆناخى سەرەتاى سکاڵاکەدا بووە و ئامادە نەبووە بۆ یەکلاکردنەوەى.
 
سۆران عومەر کە لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستانە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کشاندنەوەى سکاڵاکە بەهۆى بوونى "کەموکورتى یاسایى" بووە لە سکاڵاکەدا و جارێکى دیکە سکاڵاکە پێشکێش دەکاتەوە لەدواى چارەسەرکردنى ئەو کەموکورتیانە، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکارى سکاڵاکە ئاشکرا بکات.
 
بەگوێرەى سکاڵاکە کە پێشتر رادەستى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراقى کردووە، داوا دەکات مادەى 36ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەموار بکرێتەوە، کە تایبەتە بە کورسی کۆتاکان بەمەبەستى گرەنتیکردنى مافى پێکھاتەکانى دیکەى ئێزدى، سابیئەى مەندائی، کاکەیی، شەبەک، کوردى فەیلیى و زەردەشتییەکان .
 
رۆژی 16ى ئایارى 2023 وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئاگادارى ئەو سکاڵایە بووین، نووسراوی فەرمیمان پێگەیشت و بانگهێشتکراین بۆ دانیشتنى دادگە، بەڵام سکاڵاکە کشێندراوەتەوە".
 
بەگوێرەى مادەى 36ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلد و ئاشووری  و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن لە پەرلەمانى کوردستان تەرخان دەکرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە