لە عێراق دوو کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر سێ کچ بە لە سێدارەدان سزادران
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس بەتۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر سێ منداڵى کچ لە بەغدا و بەسرە بە لەسێدارەدان سزادران. کە یەکێک لەو کچانە لەلایەن تۆمەتبارەکەوە کوژراوە، لە پارێزگاى سەڵاحەدینیش کەسێکى دیکە بەتۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکى کوڕ، 15 ساڵ بەندکردن سزادرا.
رۆژی 16ى ئایارى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، دادگەى تاوانەکانى بەسرە لە 15ى ئایار سزاى لەسێدارەدانى بۆ تۆمەتبارێک دەرکردووە بە تاوانى دەستدرێژیکردنە سەر کچێکى نەوجەوان و کوشتنى.
رۆژی 14ـی نیسانى 2023 کچێکى حەوت ساڵان لە پارێزگاى بەسرە دیارنەماوە و دواتر پۆلیس رفێنەرەکەیان دەستگیر کرد، کە لەدواى رفاندنى و دەستدرێژیکردنەسەرى، کوشتبووى و تەرمەکەی لەنزیک زبڵخانەیەک فڕێ دا.
ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 406ى یاساى سزادانى عێراقى سزادراوە کە تایبەتەب ە کوشتنى بەمەبەست بە رێگەیەکى "قێزەون".
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاند تۆمەتبارێکى دیکە لەلایەن دادگەى تاواکانى رەسافەى بەغدا سزاى لەسێدارەدان دراوە بەتۆمەتى ئەوەى دوو منداڵى کچى لەوشارە رفاندووە و دەستدرێژى سێکسی کردوونەتە سەر.
ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەى مادەى 393ى یاساى سزادانى عێراقى سزادراوە، کە تایبەتە بە دەستدرێژێکردنە سەر کەسێک، کە تەمەنى نەگەیشتبێتە 18 ساڵان.
لە دادگاییکردنێکى دیکەدا لە پارێزگاى سەڵاحەدین تۆمەتبارێک بە تاوانی دەستدرێژکردنە سەر منداڵێکى کوڕ بە 15 ساڵ بەندکردن سزادرا.
لە ساڵى 2021ـەوە پرۆژەیاساى پاراستنى منداڵ لە پەرلەمانى عێراقە، بەبێ ئەوەى پەسند کرابێت، کە ناوەڕۆکەکەى پەیوەستە بە پاراستنى منداڵ لە تووندوتیژى.