دادگەی فیدراڵیی عێراق مەشعان جبووری لە ئەندامێتیی پەرلەمان دووردەخاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق مەشعان جبووری، پەرلەمانتار لە کارەکەی دوورخستەوە، بەھۆی ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە بڕوانامەکەی ساختەیە. 
 
لەسەر سکاڵایەکی قوتەیبە جبووری، پەرلەمانتاری پێشووی سووننەکان، دادگەی فیدراڵیی عێراق پاش سێ دانیشتن بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی مەشعان جبووری دەکرد. 
 
لە تویتێکدا مشعان جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە دەڵێت، گوشارە سیاسییەکانی رکابەرەکان و هاوپەیمانەکانیان وایکردووە ئەو بڕیارە بدرێت.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق لەو بارەوە رایگەیاند، "دوای دڵنیابوونەوە لە بڕوانامەی مەشعان جبووری دەرکەوت کە ساختەیە و بەھۆیەوە لە پەرلەمان دوورخرایەوە". 
 
دوورخستنەوەی مەشعان جبووری لە پەرلەمان لەکاتێکدایە کە لە سێ خولی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەرلەمانتار بووە.