بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێنەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان دوادەکەوێت و بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامی پەرلەمان، تائێستا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستی پێنەکردووە. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمشەو 16-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامی پەرلەمان، تائێستا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستی پێنەکردووە، بە مەبەستی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە."
 
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمان، بڕیاربوو کۆبوونەوەی پەرلەمان کاژێر 08:30ی ئەمشەو دەستپێبکات، بەڵام تائێستا کۆبوونەوەکە دەستی پێنەکردووە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی پێشکێش دەکات، دواتر دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە، ئەگەر بەشداریکردنی پەرلەمانتاران زۆر بوو، ئەوا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێتە دوو بەش، بەشێکیان ئەمشەو و بەشەکەی دیکە دواتر تەواو دەکرێت.
 
جەمال کۆچەر راشیگەیاند، دوای خوێندنەوەی دووەم، لیژنەی دارایی دوای جەژنی رەمەزان دەستدەکات بە میوانداریکردنی وەزیر و سەرۆکی دەستە و پارێزگارەکان.
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ی عێراق کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6%ی کۆی بودجەکە دیاریکراوە، کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.