جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: دەکرێت دوو رۆژی داهاتوو هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە
رووداو - بەغدا
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە ناردی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت، یانیش دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، تورکیا وەڵامی عێراقی داوەتەوە و لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەکرێتەوە.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لەدوای ئەو بابەتە، تورکیا خۆی بەشێکە لەو پرۆسەیە، چاوەڕێی ئەوە کرا تورکیا وەڵامی هەبێت و مەرجەکانی بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت هەبێت، ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد مەرجەکانی تورکیا بابەتی ئاسایین، وەکو عێراق رەزامەندن لەسەری و دەکرێت لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کارەکانی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
لای خۆیەوە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکات، بڕیارە دوای جەژنی رەمەزانیش لیژنەی دارایی لە ماوەی 15 رۆژدا لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان کۆببێتەوە و دوایین راپۆرت ئامادە بکات، دواتریش دەنگ بە پڕۆژەیاساکە دەدرێت.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەین، دوای ئەوە پشتیوان بە خودا راستەوخۆ میوانداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین و لەگەڵ حکومەت گفتوگۆ دەستپێدەکات، ئەویش لەپێناو وردبینیکردن و پێداچوونەوە بە سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ یەکگرتنەوەی لەگەڵ بەرنامەی حکومەت و هەروەها بەرژەوەندیی گشتی."
بودجەی گشتیی عێراق نزیکەی 200 تریلیۆن دینارە، کورتهێنانیش زیاتر لە 60 تریلیۆن دینارە، هەموو هەوڵێکی لیژنەی دارایی بۆ ئەوەیە کە ئەو کورتهێنانە زۆرە کەمبکاتەوە.