لیژنەى دارایی لەبارەی پڕۆژەیاساى بودجەی عێراق: پارە بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان 55% زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، داهاتى نانەوتیى خەمڵێندراو لەنێوان بودجەى 2021 بۆ 2023 نزیکەى سێ تریلیۆن دینار کەمیکردووە، لە کاتێکدا داهاتى نەوتى 36 تریلیۆن دینار زیادیکردووە و خەرجیى بودجەى 2023 بەراورد بە بودجەى پێش خۆى 53% زیادیکردووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پارەى تەرخانکراو بۆ قەرەبووى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2021 بڕى شەش تریلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 بڕەکە بەرزبووەتەوە بۆ 9.3 تریلیۆن دینار و 55% زیادیکردووە، هەمان بڕە پارەش بۆ حەشدی شەعبی بە رێژەى 21% لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا زیادیکردووە. هاوکات پارەى تەرخانکراو بۆ پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان لە ساڵى 2021 بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان 400 ملیار دینار بووە، بۆ هەمان کەرت بڕە پارەکە بۆ ساڵى 2023 گەیشتووەتە 1.8 تریلیۆن دینار.
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 16ى نیسانى 2023 پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە و خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بکات، کە تێیدا ئەو راپۆرتەى لیژنەى دارایی دەخوێندرێتەوە و تاوتوێ دەکرێت کە کۆپییەکى دەست رووداو کەوتووە، وەکو هەنگاوى یەکەمى (بەر لە پەسندکردنى) لە کۆبوونەوەیەکى دیکەدا.
 
لەو راپۆرتەدا لیژنەى دارایی داواى کردووە چاو بخشێندرێتەوە بەوەى ئەو بودجەیە بۆ ماوەى سێ ساڵ بێت و قەبارەى پارەکەى کەم بکرێتەوە، کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
 
ئاڵنگارییەکانى بەردەم بودجە
 
بەشێک لە تێبینیى نێو راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق تایبەتە بەو ئاڵنگارییانەى کە رووبەڕووى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دەبنەوە، لەوانە دواکەوتنى پڕۆژەیاساکە بۆ ماوەى شەش مانگ لە وادەى دیاریکراوى خۆى، ئەوەش جگە لەوەى ئەو پڕۆژەیاسایە کە بۆ ماوەى سێ ساڵە لە دۆخێکی ئابووری و دارایی "ناسەقامگیر"دا دانراوە، کە عێراقى پێیدا تێپەڕدەبێت.
 
یەکێکى دیکە لەو ئاڵنگارییانەى راپۆرتەکە باسیکردووە، بەدەستخستنى پارەى نەختینەیە بۆ نزیک مەودا و مەوداى ناوەند، بەهۆى کەمیى داهاتە داراییەکان کە لە بودجەدا هاتووە.
 
گۆاڕنکاریى داهاتەکان
 
لیژنەى دارایی ئاماژەى بەوە داوە، تێکڕاى داهاتى خەمڵێندراوى پڕۆژەیاسای بودجەى 2023 گەیشتووەتە نزیکەى 134.6 تریلیۆن دینار، کە 33%ى زیاترە لە داهاتى خەمڵێندراوى بودجەى 2021 بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بە بڕى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، ئەوەش جگە لە نرخى بەرمیلێک نەوتى خەمڵێندراو لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، کە 70 دۆلارە لە کاتێکدا لە بودجەى ساڵى 2021 نرخی بەرمیلێک نەوتى خەمڵێندراوى نەوت 45 دۆلار بووە.
 
بەگوێرەى خشتەیەک کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بڕى داهاتى نەوتى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023، گەیشتووەتە 117.3 تریلیۆن دینار، کە 87%ى تێکڕاى داهاتى نێو بودجەکەیە، داهاتى نانەوتى لە پڕۆژەیاساکەدا 17.3 تریلیۆن دینارە کە دەکاتە 13%ى تێکڕاى داهاتى نێو پڕۆژەیاساکە، لە کاتێکدا لە بودجەى ساڵى 2021 داهاتى نەوتى 81 تریلیۆن دینار بووە و داهاتى نانەوتیش 20 تریلیۆن دینار بووە، کە پێکەوە 101 تریلیۆن دینارى داهاتى خەمڵێندراو بووە لەو بودجەیەدا، بەو پێیەش داهاتى نانەوتیى خەمڵێندراو لەنێوان بودجەى 2021 بۆ 2023 نزیکەى سێ تریلیۆن دینار کەمیکردووە، لە کاتێکدا داهاتى نەوتى 36 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
 
داهاتى راستەقینەى نەوت لە ساڵی 2021 گەیشتبووە 96.6 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2022دا گەیشتبووە 154 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا داهاتى راستەقینەى نانەوتى لە ساڵی 2021دا 12.5 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە ساڵى 2022دا گەیشتووەتەوە 7.7 تریلیۆن دینار، کە نزیکەى نیوە کەمیکردووە، بەوپێیەى داهاتى راستەقینەى ساڵى 2021 گەیشتووەتە 109 تریلیۆن دینار و داهاتى راستەقینەى 2022 گەیشتووەتە 161.7 تریلیۆن دینار.
 
خەرجیى 2023 رێژەی 53%ى لە بودجەى 2021 زیاترە
 
لە راپۆرتەکەى لیژنەى داراییدا هاتووە، تێکڕاى خەرجیى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵی 2023 گەیشتووەتە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار، کە 53%ى لە تێکڕاى خەرجیی خەمڵێندراوى بودجەى 2021 زیاترە.
 
ئاماژە بەوەش دراوە، تێکڕاى پارەى تەرخانکراوى پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 نزیکەى 49 تریلیۆن دینارى لە پارەى تەرخانکراوى بودجەى 2021 زیاترە.
 
کورتهێنان 125% زیادیکردووە
 
تێکڕاى بڕى کورتهێنانى بودجە بۆ ساڵى دارایی 2023 گەیشتووەتە 64.5 تریلیۆن دینار، کە 125%ى لە کورتهێنانى بودجەى 2021 زیاترە.
 
تێکڕاى رێژەى کورتهێنان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 گەیشتووەتە 48%ى تێکڕاى داهاتى خەمڵێندراوى ساڵى دارایی 2023، لەو بڕە 55%ى کورتهێنانەکە لە داهاتى نەوتی و 373%ى لە داهاتى نانەوتییە.
 
بابل دوو ئەوەندەى هەێمى کوردستان قەرزى پێدەدرێت
 
راپۆرتەکەى لیژنەى دارایی ئاماژەى بەوە داوە، تێکڕاى قەرزى نێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 گەیشتووەتە 10 تریلیۆن دینار کە وەزارەتى پلاندانان 33%ى ئەو قەرزە دەبات کە لە پلەى یەکەمدایە و وەزارەتى پەروەردە کەمترین بڕى دەبات بە رێژەى 0.3%، لە کاتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان 0.6%ى ئەو قەرزانەى بەردەکەوێت کە 62 ملیار دینارە لەدواى پارێزگاى بابل کە 1%ى پشکى قەرزەکەى بەرکەوتووە کە 130 ملیار دینارە.
 
پارەى تەرخانکراوى خەمڵێندراو لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 بە 150 تریلیۆن دینار دانراوە کە 49%ى لە هەمان بڕە پارەى بودجەى 2021 زیاترە.
 
پارە بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان 55% زیادیکردووە
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، پارەى تەرخانکراو بۆ قەرەبووى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2021 بڕى شەش تریلیۆن دینارە، لە کاتێکدا لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 بڕەکە بەرزبووەتەوە بۆ 9.3 تریلیۆن دینار و بە رێژەى 55% زیادیکردووە، هاوکات هەمان بڕە پارە بۆ حەشدی شەعبی بە رێژەى 21% لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا زیادیکردووە.
 
پارەى تەرخانکراو بۆ پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان لە ساڵى 2021 بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان 400 ملیار دینار بووە، بەڵام بۆ هەمان کەرت بڕە پارەکە بۆ ساڵى 2023 گەیشتووەتە 1.8 تریلیۆن دینار.
 
لێشاوى فەرمانبەران
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، لەنێوان ساڵانى 2021 بۆ 2023، ژمارەى ئەو فەرمانبەرانەى دامەزرێندراون گەیشتووەتە 832 هەزار و 967 کەس، کە 13%ى زیاترە لەو فەرمانبەرانەى لە ساڵى 2021 دامەزرێندراون و زۆرترین رێژەى زیادبوونى فەرمانبەران لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا لە دەستەى حەشدی شەعبی بووە بە رێژەى 95%، کە گەیشتووەتە 116 هەزار و 75 دامەزراندن.
 
22 تێبینى لەسەر بودجە
 
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق 22 تێبینیى لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 داوە لەوانە:
 
- هیچ بنەمایەک هاوپێچى پڕۆژەیاساکە نەکراوە کە بەهۆیەوە دەسەڵاتى جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ سێ ساڵ داڕشتووە، لە کاتێکدا وەزارەتى دارایی پڕۆژەیاساکەى بۆ یەک ساڵ ناردووە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران.
- دووبارە پەیکەرى پڕۆژەیاساکە رێکبخرێتەوە بۆ کەمکردنەوەى خەرجى و کەمکردنەوەى قەزر بۆ کەمترین ئاست.
- دەبێت کورتهێنانى بودجە ئاست و سنوورى شیاو و دارایی بێت.
- خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتى تایبەت بە نرخى نەوت لە رێگەى زیادکردنى داهاتى نانەوتى و کەمکردنەوەى پشتبەستن بە داهاتى نەوتى بۆ سێ ساڵى داهاتوو کە بگاتە 80% بە لەبەرچاوگرتنى ئەگەرى نزمبوونەوەى نرخى نەوت.
- زۆریى خەرجیى بەکاربردن کە 75%ى پارەى بودجە پێکدەهێنێت و ئەوە ئەگەرى مەترسیی دارایی هەیە لەوەى خەزێنەى گشتى نەتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.
- پلانى خۆپارێزى باس نەکراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بۆ قەبارەى داهاتەکان، بەتایبەت کە نرخى نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا نرخەکەى لە بازاڕدا لە گۆاڕانى بەردەوامدایە.
- زیادبوونى خەرجى بە رێژەى 53% وادەکات پارەى زیاتر بخرێتە بازاڕەوە کە ئێستا زیاتر لە 95 تریلیۆن دینارە، ئەوەش گوشار بۆ سەر یەدەگى بانکى ناوەندى دروست دەکات و رێژەى هەڵاوسان بەرز دەکاتەوە.
 
"چاو بە سێ ساڵەکەدا بخشێننەوە"
 
لیژنەکە نۆ راسپاردەی کردووە بۆ چارەسەرى کەلێنەکانى نێو پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، لەوانە:
 
- چاوخشاندنەوە بۆ ماوەى بودجەکە کە بۆ سێ ساڵە.
- چاوخشاندنەوە بە قەبارەى خەرجى و کەمکردنەوەى.
- بچوککردنەوەى فەرمانگەکانى دەوڵەت و کەمکردنەوەى بریکار، راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى.
- جێکردنەوەى بڕگەیەکى تایبەت بە حکومەتى ئەلیکترۆنى و دابینکردنى پێناسی ئەلیکترۆنى بایۆمەترى بۆ فەرمانبەران.
- زیادکردنى پارەى پەرەپێدانى پارێزگاکان.