رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق، بڕیاری لێخۆشبوون لە کرێی خزمەتگوزارییە دادییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەردەکات و دەڵێت بڕیارەکە شەهیدانی پێشمەرگە دەگرێتەوە. نوێنەرێکی کورد-یش دەڵێت، پێشمەرگە ناگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-03-2025، بەبۆنەی ساڵیادی قوربانییانی دەستی رژێمی لەنێوچوو؛ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، بڕیاریدا لە کرێی ئەو خزمەتگوزارییانە خۆشبن کە لە هەموو فەرمانگە دادییەکان وەردەگیرێن لە کەسوکاری پلە یەکی قوربانییانی دەستی رژێمی رووخاو، هێزە چەکدارەکان، حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و قوربانییانی تیرۆر."
وەزیری داد ئەو بڕیارەی "وەک پێزانینێک بۆ قوربانییەکانیان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خێزانەکانیان" داوە. جەختیش لەسەر ئاسانکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەکاتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مووچەی شەهیدانی پێشمەرگە لەسەر دەزگای شەهیدانی عێراق نییە تاوەکو ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە، بەڵکو لەسەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانە.
ئەو پەرلەمانتارە کە نوێنەری پارێزگای نەینەوایە دەپرسێت، ئەگەر بەرایی شەهیدانی پێشمەرگە لای حکومەتی عێراق نەبێت، چۆن ئەو لێخۆشبوونە کەسوکارەکانیان دەگرێتەوە؟
بەڵام شێروان دووبەردانی پێیوایە رەنگە ئەوانە بگرێتەوە کە قوربانیانی تیرۆرن و خەڵکی ناوچەکانی سنووری مادەی 140ن و لە بەغدا تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ