رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی قائیم دیاری نەکراوە.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، ئەمڕۆ (یەکشەممە 16-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا دەروازەی سنووری قائیم لەگەڵ سووریا داخراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ کردنەوەی بە رووی هاتووچۆی بازرگانیدا نییە."
بە گوتەی قایمقامی قەزای قائیم، "هەموو ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری قائیم تەواوبووە. لایەنی سووریاش ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی عێراق دەکەین."
دەروازەی قائیم بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور، لەوێ پێیدەگوترێت دەروازەی ئەلبوکەمال.
قایمقامی قەزای قائیم گوتی، "هاتووچۆی هاووڵاتییە عێراقی و سووریاییەکان لەو دەروازەیەوە بەردەوامە." بەڵام ئەوەش سنووردارە.
لە 8ـی کانوونی یەکەم، واتە لە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە، دەروازەی قائیم داخراوە، دواتر رێگە بە هاتووچۆکردنی دۆخی پێویست و مرۆیی لە رێگەیەوە درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ