رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق داوا دەکات بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەلەی تێدا بکرێت.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-03-2025) لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی نیشتمانی و مرۆیی پاڵی پێوە دەنێت هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدات بۆ خێراکردن لە هەنگاوەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند و پێویستی بە هەوڵی زیاتر و کاری هاوبەشیش بۆ پاراستنی گەلان و زامنکردنی ئازادییەکان دووپات کردەوە.
لەتیف رەشید دەڵێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و هەوڵەکانیش چڕبکرێنەوە بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا.
37 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەریان، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لەکابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا و لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە چەندینجار دواخراوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکردووە، بەڵام رێگرییەکانی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێنانی بەغدا و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ