باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پاڵپشتیی قوربانییانی هەڵەبجە و خێزانەکانیان دەکەین

16-03-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، پاڵپشتی قوربانییانی هەڵەبجە و خێزانەکانیان دەکەن و لەگەڵ "کورد و عێراقیەکان" پابەندی هەوڵەکانن بۆ چارەسەرکردنیان و لێپرسینەوە لە بکەران. 
 
رۆژی شەممە، 16ی ئاداری 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی ئێکس دا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ، یادی کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی هەڵەبجە دەکەینەوە. بە هاوبەشی لەگەڵ عێراقییەکان و کوردەکان، پاڵپشتی قوربانیان دەکەین و پابەندین بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیان و لێپرسینەوەی بکەران."
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988 دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس شەهید بوون و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. هاونیشتمانییە بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر بەشێکیان ماوە.
 
لە درێژەی گوتەکانیدا، باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەیەکەوە پێویستە مافەکانی مرۆڤ بپارێزین و رێگری لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە تەواوی جیهان بکەین."
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە. هەرچەندە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسند کرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە. 
 
 
هەرچەندە بڕیاربوو 14-09-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بوون بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە