شیعە و سوننە لە بەرامبەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوای بەپارێزگاکردنی تەلەعفەر و فاو و فەلوجە دەکەن
رووداو - بەغدا
دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، بەربەستە سیاسییەکان رێگر بوون لەبەردەم دەنگدانی کۆتایی و بوونە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق.
یاسین حەسەن، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی تەسمیم دەڵێت، "کێشەکان سیاسین، هەندێک پێیان وایە دروستکردنی پارێزگا بۆ پێکهاتەیەک یان لایەنێکی دیاریکراو، پێویستە هاوتەریب بێت، هەروەها ترسێک هەیە داوای پارێزگای دیکەش بکرێت، ئەمە هەموو بابەتەکەیە."
شیعەکان لە بەرامبەر دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوا دەکەن قەزاکانی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا و فاو لە بەسرە بکرێنە پارێزگا، هەروەها سونەکان داوا دەکەن فەلوجە لە ئەنبار بکرێتە پارێزگا.
فیراس مسلماوی، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی، "ئەم بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەو پێیەی پەیوەندیی بە بابەتی دیکەی وەکو بوون بە پارێزگای ترەوە هەیە لە ناوچە سوننییەکان و ناوچەکانی دیکەش، من پێموایە بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر و لێکتێگەیشتنی گەورەتریە."
داخل رازی، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "ئێمە وەکو خۆمان، دەوڵەتی یاسا و فراکسیۆنەکانی تریش پاڵپشتیی ئەو خەڵکە دەکەین کە یەکەی ئیداریی تایبەتی خۆیان هەبێت."
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە، لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خوورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
هەڵەبجە کە لە رابردوودا قوربانیی دەستی ناسنامە کوردییەکەی بووە، ئێستا پرسی بوون بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراقی بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، پرسێک کە هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە، بەڵام هەرجارەو بە بیانوویەک ئەو پرسە دوادەخرێت.