حەلبووسی: پاڵپشتیى هەوڵەکانی تەواوکردنى رێکارە یاساییەکانى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکەین

16-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پاڵپشتیى هەموو هەوڵەکان دەکەن بۆ تەواوکردنى رێوشوێنە یاساییەکانى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە.
 
رۆژی 16ـى ئادارى 2023، بەبۆنەى یادى 35 ساڵەی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە تویتەر پەیامێکى بڵاوکردەوە و هاوخەمى بۆ کەسوکارى قوربانییانى رووداوەکە دەربڕی و رایگەیاند، "لەگەڵ ستەملێکراوان دەبین و پاڵپشتیى هەموو هەوڵەکان دەکەین بۆ تەواوکردنى رێوشوێنە یاساییەکانى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە."
 
رۆژی 13ـى ئادارى 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەى پەسندکرد، وەک 19ـەمین پارێزگاى عێراق و بڕیارە رێوشوێنەکانى ئەو هەنگاوە لە پەرلەمانى عێراق تەواو بکرێن. 
 
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ لەمەوبەر بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی دەستیپێکرد، کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
 
نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2013 رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بۆ بەغدا ناردبوو، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە و هۆکاری دیکە رێگر بوون لە پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمان. ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمان کردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کورد و هاوپەیمانەکانی، هەڵەبجە بکەنە پارێزگای ژمارە 19ـەی عێراق. 
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە