دەستپاکیى عێراق بەرپرسێک لەسەر کڕینى 242 تۆن شەکرى خراپ دەداتە دادگا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند؛ بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیی بەرهەمە خۆراکییەکانى سەر بە وەزارەتى پیشەسازى و کانزاکانى داوەتە دادگا، ئەویش بەتۆمەتى کڕینى 242 تۆن شەکرى خراپ و نەشیاو لە یەکێک لە کارگەکانى ناوخۆدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ى ئادارى 2022، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند دادگاى تایبەت بە دەستپاکى لە پارێزگاى میسان فەرمانى راپێچکردنى ئەو بەرپرسەى دەرکردووە بەهۆى ئەوەى شەکرى خراپ و نەشیاوى بۆ بەکارهێنان لە کارگەى قامیشی شەکرى ئەو شارە کڕیوە، بەمەبەستى بەکارهێنانى لە بەرهەمهێنانى ماددەى مولاس، کە گیراوەیەکى رەنگ رەشى پاشماوەى پرۆسەى بەرهەمهێنانى شەکرە لە قامیشی شەکر و بڕیار بووە بەکاربهیندرێت بۆ دروستکردنى کحولى دەستکرد لە کارگەى شەکر و خەمرەى مووسڵ.
ئەو بڕە شەکرەى دەستەکە باسی کردووە 242 تۆن بووە و نرخەکەى بە 132 ملیۆن دینار خەمڵاندووە.
دەستەى دەستپاکیی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، کە بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانیان کڕینى ئەو جۆرە شەکرە لە چوارچێوەى پلانى ساڵانى 2018 بۆ 2021 بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ماددەیەى ئەو شەکرەى بۆ کڕدراوە، بەرهەم نەهاتووە و خودى کارگەى شەکر و خەمرەى موسڵ نەکەوتووەتە کار.
ئەو بەرپرسە بەگوێرەى ماددە 340 لە یاسای سزاکانى عێراق دراوەتە دادگا، کە سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.