پۆمپەیۆ بۆ عادل عەبدولمەهدی: هێرشبکرێتە سەرمان وەڵاممان دەبێت
رووداو - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا، پێیگوتووە ئەمریکا وەکو رێوشوێنی بەرگریکردن لەخۆی، وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەریان.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە هاتووە، پۆمپەیۆ بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە، "ئەو گرووپانەی بەرپرسن لەو هێرشانە دەبێت بەسزای خۆیان بگەن".
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوتووە کە ئەمریکا لە هێرش و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ئەمریکییەکان خۆشنابێت و لەچوارچێوەی بەرگریکردن لەخۆی بەگوێرەی پێویست کرداری زیاتر دەنوێنیت.
پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان پۆمپەیۆ و عادل عەبدولمەهدی کەمتر لە 48 کاژێر دوای هێرشی دووەمی مووشەکی بۆ سەر بنکەی تاجی لە بەغدا دێت کە بەهۆیەوە سێ سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی برینداربوون.
هەفتەی رابردوو هێرشێکی دیکە کرایە سەر هەمان بنکە، بەهۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران و 12 سەربازیش برینداربوون، لە بەرامبەردا ئەمریکا پێگەکانی کەتائیب حیزبووڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق کردە ئامانج.