پەرلەمانتارێک پرسیاری نووسراوی ئاراستەی سەرۆککۆمار کردووە؛ دادگەی فیدراڵی بە نادەستووری دەزانێت

17-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حەنان فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پرسیارێکی نووسراوی ئاراستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد، سەبارەت بە زیادکردنی مووچەکەی. لەکاتێکدا دادگەی فیدراڵی لە وەڵامی پرسیارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، جەختی لەوە کردبووەوە کە ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو بۆ سەرۆککۆمار پێچەوانەی دەستوورە.
 
یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، حەنان فەتلاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا پرسیاری لە سەرۆککۆمار کرد سەبارەت بە بنەمای یاسایی زیادکردنی مووچەکەی لە "(20,000,000) ملیۆن دینارەوە بۆ (27,500,000) ملیۆن دینار".
 
فەتلاوی لە ئاراستەکردنی پرسیارەکەیدا پشتی بە مادەی (61) حەوتەم (ئــ)ی دەستوور؛ مادەکانی (27) و (29)ی یاسای پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی ژمارە 13ی ساڵی 2018 و مادەکانی (50، 51)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەستووە. لە نووسراوەکەیدا کە واژۆی خۆی لەسەر کردووە، داوای کردووە وەڵامەکە بە "نووسراو" بێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "لە ماوەی 15 رۆژدا لە رێککەوتی وەرگرتنی ئەم نووسراوەمانەوە وەڵامی فەرمیمان بۆ بنێردرێت، بە پشتبەستن بە مادەی 15ی یاسای پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی بە ژمارە 13ی ساڵی 2018".
 
دادگەی فیدراڵی: ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو بۆ سەرۆککۆمار نادەستوورییە
 
دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2017دا، لە وەڵامی پرسیارێکی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیدا، سەبارەت بە ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو بۆ سەرۆککۆمار بە پشتبەستن بە مادەی (61/دووەم)ی دەستوور دەڵێت، "پەرلەمان تایبەتمەندە بە چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن."
 
لەبەرئەوەی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکێکە لە دوو لایەنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەگوێرەی ماددەی (66)ی دەستوور، پەرلەمان پرسیاری کرد ئایا ئەمە مافی پرسیارکردن لە سەرۆککۆمار دەداتە پەرلەمانتاران؟
 
بەڵام دادگەی فیدراڵی جەختی کردەوە کە ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو بۆ سەرۆککۆمار پێچەوانەی مادەی (61/شەشەم)ی دەستوورە کە تایبەتە بە دیاریکردنی میکانیزمە دەستوورییەکانی پرسیارکردن لە سەرۆککۆمار. 
 
دادگەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەقە تایبەتە و بەم پێیەش، سنوور بۆ دەقە گشتییەکە دادەنێت کە باسی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە