بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی سزادانی بانکە عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە رەتدەکاتەوە

16-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا کۆبوونەوە. بانکی ناوەندیی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئەو هەنگاوانە کران کە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی گرتوویانەتەبەر.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "کۆبوونەوەی وەرزی یەکەمی بۆ ساڵی 2025، لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا لە دوبەی کۆتاییهات، کە کۆمپانیاکانی وردبینی و راوێژکاریی نێودەوڵەتیی، EY, K2Intergrity, Oliver Wyman تێیدا بەشدار بوون."
 
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکاندا باس لەو هەنگاوانە کران کە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی گرتوویانەتەبەر."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی، گرنگترین ئەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون ئەمانەن:
 
1. پەرەپێدانی سیستمی دابەشکردنی دۆلاری ئەمریکی بە کاش لە عێراق، کە ئەو سیستمە لە جیهاندا سیستمێکی ورد و چاودێریکراوە، رێگری لە یاریکردن و قاچاخچێتی بە دۆلار دەکات.
 
2. گواستنەوەی نموونەیی لە پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی دەرەکی، ئەو هەنگاوانەش کە بانکی ناوەندی گرتوویەتەبەر بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی سەر ئەو پرۆسەیە.
 
3. کۆمپانیاکانی راوێژکاریی (EY و Oliver Wyman) پێداچوونەوەیان بە پلانەکانی چاکسازی و پەرەپێدانی کەرتی بانکی حکومی و تایبەت کرد، ئەوەش بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بانکە عێراقییەکان لە تۆڕی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات، "جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە هەواڵ لە پێگە فەرمییەکانی بانکی ناوەندی وەربگرن؛ بۆ ئەوەی هەواڵی نادروست بڵاونەکرێتەوە، وەک ئەو هەواڵانەی کە دەگوترێت، هەندێک لە بانکە عێراقییەکان خراونەتە لیستی سزای نێودەوڵەتی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە