رووداو دیجیتاڵ
11 ساڵە پڕۆژە یاسای ئەنجوومەنى فیدراڵى نووسراوە، بەڵام پەسند نەکراوە، لە دوو هەفتەدا دوو جار خرایە کارنامەى پەرلەمانەوە بەبێ ئەوەى یەکەم خوێندنەوەى بۆ بکرێت. دوو پەرلەمانتار دەڵێن، یاساکە پێویستی بە سازانی لایەنەکانە.
رۆژی 4ى شوبات بۆ یەکەمجار لەم خولەدا پڕۆژەیاساکە خرایە کارنامەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنرا، دواتر بۆ خشتەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ى شوبات دانرا، بەڵام دواى چەند کاژێرێک لادرا.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیى نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دانان و لابردنى ئەو پڕۆژەیاسایە لە خشتەى کارى پەرلەمان پەیوەندى بەوە هەیە رێککەوتنى لەسەر نەکراوە، دەبێت بەر لەوەى لە لیژنەى یاساییەوە بچێتە پەرلەمان، رێککەوتنى لەسەر بکرێت بۆ ئەوەى بۆ دەنگدان کێشەى لەسەر دروست نەبێت، پڕۆژەیاساکە گرنگ و هەستیارە و پێویستى بە سازانە".
پڕۆژەیاساکە ساڵى 2014ـەوە ئامادەکراوە بۆ پێکهێنانى ئەنجوومەنى فیدراڵى کە وەک پەرلەمانى باڵا لە رووى دەسەڵاتەوە، لە سەروو پەرلەمانى ئێستاوە دەبێت.
ئەنجوومەنەکە 72 ئەندامى هەڵبژێدراوى دەبێت کە 12یان پشکى سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان دەبێت، بەبێ هەڵەبجە کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵیەوە وەک پارێزگار نەناسێنراوە.
ئەو ئەنجوومەنە دەسەڵاتى رەتکردنەوەى یاساکانى پەرلەمان و پێشکێشکردنى پێشنیازەیاسا و یەکلاییکردنەوەى کێشەى نێوان هەرێمەکان و حکومەتى فیدراڵیی دەبێت و ئەندامەکانیشى مافى ڤیتۆیان دەبێت بەرامبەر بەو بڕیار و یاسایانەى لە پەرلەمانەوە دەردەکرێن و پەیوەندارن بە پارێزگاکانیانەوە.
عارف حەمامی، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە لیژنەکەمان یەک دوو کۆبوونەوەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە کردووە، بەڵام ناکۆکى لەسەرە کە دەبێت لەرووى سیاسیەوە رێککەوتنى لەسەر بکرێت و ئەوەش هۆکارى دواکەوتنى خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەکەیە".
پێکهێنانى ئەو ئەنجوومەنە بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 65ـی دەستوورە، تێیدا ئاماژە بە پێکھێنانى ئەنجوومەنى فیدراڵى دەکات وەک بەشێک لە دەسەڵاتى یاسادانان، کە نوێنەرانى هەڵبژێردراوى هەرێم و پارێزگاکانى تێدا دەبێت.
بەگوێرەى پڕۆژەیاساى ئەنجوومەنى فیدراڵى، کە کۆپییەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، پەسندکردنى راگەیاندنى جەنگ، بارى نائاسایی پێویستیی بە رەزامەندى ئەنجوومەنەکە دەبێت.
دەرکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى حکومەتى ئێستاى عێراق، کە لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، لەکاتێکدا تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانە کەمتر لە 10 مانگى ماوە.
عارف حەمامى گوتى: "بە بڕواى خۆم، بۆ ئەم قۆناخە بوونى ئەو ئەنجوومەنە لە سایەى ئەو هەموو دامەزراوەیەى کە هەن پێویست نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ