رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەى رۆژنامەڤانى ئەیاد عەلاوى، سەرۆکى هاوپەیمانیی گردبوونەوەى مەدەنى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند؛ ئەوەى وروژێنراوە لە بارەى لێدوانێکییەوە، کە گوایە سەرۆک مەسعود بارزانی بارەگایەکى بۆ حیزبى بەعس لە هەولێر کردووەتەوە، بەشێوەیەکى ورد شرۆڤە بۆ مەبەستەکەى نەکراوە.
لە روونکردنەوەکەدا، کە درەنگی شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەیاد عەللاوى لە گوتارەکەیدا ئاماژەى بۆ رەتکردنەوەى ئەو دەنگۆیانە کردووە، کە بەمدواییە بڵاوبوونەتەوە لە بارەى بوونى بارەگای حیزبى بەعس لە هەولێر و بنەماى نەبووە، بەڵام بڕینى قسەکانى وایکردووە لە چوارچێوەى خۆى دەربچێت و هەڵە لێکتێگەیشتن روویداوە".
ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لە گوتارێکى ئەیاد عەللاوى وەرگیرابوون، کە دوێنێ شەممە 15ـی شوبات لە رێوڕەسمى راگەیاندنى هاوپەیمانێتییەکە لە بەغدا پێشکێشى کردبوو.
لە بەشێکى روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەیاد عەللاوى رێز و پێزانینى بۆ سەرۆک بارزانى هەیە کە لە پێشڕەوى ئەوانە بووە لە دژى دەسەڵاتى پێشوو جەنگاون و دەبێت بە شێوەیەکى ورد و بەرپرسیارانە لێدوانەکان بگوێزرێنەوە و نەبڕدرێن کە دەبێتە هۆى دروستبوونى مشتومڕێکى بێ پاساو" .
لە دواى بڵاوبوونەوەى گرتەى ڤیدیۆیی لێدوانەکانى ئەیاد عەللاوى، بارەگای بارزانی لە روونکردنەوەیەدا قسەکانی عەللاوی رەتکردەوە و رایگەیاند، "جەخت دەکەینەوە لەوەی دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەللاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حیزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە، دوورە لە راستی."
بارەگای بارزانی هەروەها رایگەیاند: "ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن؛ بۆ ئەم قسانەی کردووە، کە راست نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ