رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 7 مانگە کێشەى گۆڕانکاری لە 20 پۆستی کارگێڕیی نەینەوا چارەسەر نەکراوە، کە نیوەیان دەکەونە سنوورى مادەى 140، نە پۆستەکان پڕکراونەتەوە کە جێگرەوەیان بۆ دیاری کراوە، نە ئەوانەى بڕیارى گۆڕینیان لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەرچووە، پۆستەکانیان بەجێهێشتووە.
بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە؛ پارێزگار پەناى بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بردووە.
ئەو پۆستانە لە 2ـی تەمووزى 2024 بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکارییان تێدا کرا، بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنى پارتى و هاوپەیمانیی نەینەواى یەگکرتووى سوننە.
گۆڕانکارییەکان 6 پۆستى بەتاڵ و 14 پۆستى دیکەى قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى نەینەوایان گرتووەتەوە، کە پاساوى گۆڕینیان، تێپەڕبوونى ماوەى چوار ساڵ مانەوە بووە لە پۆستەکانیاندا، کە بەپێی یاسا دیاری کراوە.
ئەو لایەنانەی دژی شێوازی گۆڕانکارییەکان بوون، لە دادگەی کارگێڕی سکاڵایان تۆمار کرد، بەڵام دادگەکە سکاڵاکانیانی رەتکردەوە.
رۆژی 10ـی شوباتى 2025 عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، فەرمانى بەخشینى ئەو کەسانەى لە پۆستەکانیان دەرکرد.
بڕیارەکەى پارێزگار لەو رۆژەوە جێبەجێ دەکرێت، کە خاوەنى ئەو 14 پۆستە دەستلەکارهەڵگرتنى خۆیان واژۆ بکەن، کە تاوەکو ئێستا نەیانکردووە.
نەشئەت قەساب، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەیازییە، یەکێکە لەو 14 کەسەى بڕیارەکەیان بۆ دەرکراوە، لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداوەوە، گوتى "پۆستەکانمان جێنەهێشتووە، دەستهەڵگرتن لەو پۆستە ناکرێت تاوەکو کەسى جێگرەوە نەیەت و، دەبێت فەرمانێکى کارگێڕیى لە پارێزگارەوە دەربچێت، چاوەڕێى پارێزگارین."
بەگوێرەى یاسای پارێزگەکانى عێراق، پارێزگار لە سێ دۆخدا دەتوانێت بڕیارى ئەنجوومەنى پارێزگا رەتبکاتەوە، ئەگەر بڕیارەکە لە تایبەتمەندیى ئەنجوومەنى پارێزگا نەبێت، یان پێچەوانەى پلانى گشتیی حکومەتى خۆجێی و بودجەکەى بێت، یان بڕیارەکە ناکۆک بێت لەگەڵ دەستوور و یاسا.
ئەگەر پارێزگار بڕیارێکی ئەنجوومەن رەتبکاتەوە و ئەنجوومەنەکە جارێکی دیکە داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکاتەوە، پارێزگار دەتوانێت لە دادگەى باڵاى فیدراڵى پرسەکە یەکلابکاتەوە، ئێستا پارێزگارى نەینەوا بڕیاریداوە ئەو هەنگاوە بنێت.
نەشئەت قەساب گوتى "بۆیە ئەو پرسە ئاراستەى دادگەى فیدراڵى کراوە، چونکە پارێزگار پێیوایە بڕیارى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ گۆڕانکاری لە یەکە کارگێڕێیەکان، بەگوێرەى رێکارەکان نەبووە و تانەى لێداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ