رووداو - بەغدا
کارەبای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەهۆی بارانبارین و هەورەبرووسکەوە بۆ ماوەی 10 خوولەک بڕا.
بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئەمڕۆ هەینی 16-02-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ئێوارەیە کاژێر 7:00 کارەبای فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی 10 خوولەک بڕا.
ئەو بەرپرسە گوتی، هۆکاری بڕینی کارەباکە بارانی بەخوڕ، هەورەبرووسکە و خراپیی کەشوهەوا بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبا بڕانەکە بۆ سەلامەتیی فڕۆکەخانە بووە.
بڕینی کارەباکەی فڕۆکەخانەکەی بەغدا لە کاتێکدایە، دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین بەشی زۆری هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە لە "ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق کەم دەبێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر هەرێمی کوردستان تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە گەورەترین فڕۆکەخانەی عێراق دادەندرێت. فڕۆکەخانەکە ساڵی 1982 کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ