موقتەدا سەدر: گەلى سووریا بە شیعە و سوننە و کوردەوە تیرۆر و ستەمى رەتکردەوە و بەجێی مەهێڵن

16-02-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێبەرى رەوتى سەدر داوا لە وڵاتانى جیهان دەکات گەمارۆى سەر سووریا هەڵبگرن و دەڵێت: "گەلى سووریا بە شیعە و سوننە و کوردەوە تیرۆر و ستەم و داگیرکارى رەتکردەوە و بەجێی مەهێڵن".   
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـى شوباتى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر تویتێکى لەبارەى دۆخى سووریا لەدواى بوومەلەرزەکەى ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و داواى لە وڵاتانى جیهان کرد گەمارۆى سەر سووریا هەڵبگرن.
 
رێبەرى رەوتى سەدر رایگەیاند: "گەلى سووریا لە هەموو لایەکەوە رووبەڕووى مردن دەبێتەوە، بۆیە پێویستە یەکبگرین بۆ رزگارکردنیان و هەڵگرتنى تەواوى گەمارۆى سەریان و گەیاندنى مافەکانیان".
 
موقتەدا سەدر ئاماژە بەوەش دەدات کە هەر سزایەکى ئابووریى نێودەوڵەتى لە دژى رژێم و حکومەتەکان سوودى نابێت لە هێنانەدیی "ئامانجى وڵاتانى کۆڵۆنالیزم" و دەشڵێت: "گەلى سووریا بە شیعە و سوننە و کوردەوە تیرۆر و ستەم و داگیرکارى رەتکردەوە، بۆیە بە تەنیا بەجێى مەهیڵن رووبەڕووى مردن ببێتەوە، چونکە گەلەکەى لە سادەترین ماف بێبەش بووە."
 
ئەو تویتەى رێبەرى رەوتى سەدر لەکاتێکدایە کە پرۆسەى بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتوانى بوومەلەرزەکەى 6ـى شوباتی 2023 لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان بەردەوامە کە بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
موقتەدا سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە "ئابڵوقە هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە جگە لە مردن و تیرۆر و کۆچ و کۆچپێکردن و دەربەدەربوون و گەندەڵى و دزى و نەخۆشی، ئەوە کام دیموکراسییە کە رۆژئاوا لەو رێگەیەوە دەیەوێت؟".
 
بەهۆى گەمارۆکانى سەر سووریا بەشێک لە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووانى ئەو بوومەلەرزەیە ناگاتە ئەو وڵاتە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە