رەیان کلدانی رەتیدەکاتەوە باسی تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی موسڵ کردبێت

16-02-2017
نەهرۆ محەممەد
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون
نیشانەکردن نەینەوا شەڕی داعش بزووتنەوەی مەسیحی عێراقی
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون رەتیدەکاتەوە باسی تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی موسڵ کردبێت و دەڵێت "گرتە ڤیدیۆکە دەستکاریی کراوە".


رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون ، بزووتنەوەی مەسیحی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەو گرتە ڤیدیۆیەی من، کە لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەتەوە، دوورە لە راستیییەوە، دەستکاریی کراوە و بە ئەنقەست بڵاوکراوەتەوە".

رەیان کلدانی ، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی روونیکردەوە"من باسی ئەوەم کردووە، کە  داعشی تیرۆریست نەوەی یەزید-ن کە ئیمام حوسێن-یان کوشتووە، بۆیە تۆڵەی خۆمان لەوانە دەکەینەوە، بەهیچ شێوەیەک باسی خەڵکی موسڵم نەکردووە، ئەوەی دەگوترێت دوورە لە راستی ، چونکە خەڵکی موسڵ  برا و کەسوکارمانن و ئێمە لەدەستی داعش رزگاریان دەکەین".

ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێک لایەن بە مەبەستی نانەوەی فیتنەی تائیفی دەستکاری قسەکانی منیان کردووە و هەندێک لە ڤیدیۆکەیان بڕیوە، کاتێک باسی داعش دەکەم".

لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی رەیان کلدانی بڵاوکراوتەوە، تێیدا دەڵێت مەسیحییەکانی نەینەوا سوورن لەسەر ئەوەی تۆڵەی خۆیان لە نەینەوا بکەنەوە و ، ئەوان نەوەی یەزیدن و ئێمەش نەوی جۆن-ین و شەڕەکە مەسیحی دەبێت لەگەڵ نەوی یەزید، مێژوو جارێکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە.
 
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە