رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەکەی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان قایل بکات چەک دابنێن.
فوئاد حوسێن باسی لەوە کردووە، "زۆر سەرکردە و پارتی سیاسی دەستیان بە گفتوگۆ کردووە. هیوادارم بتوانین سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانە قایلبکەین چەکیان دابنێن و دواتر ببنە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت."
مەبەست لەو گرووپە چەکدارانە ئەوانەن کە لایەنگری ئێران دەکەن و پێشتر چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەم هەوڵەی عێراق بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گۆڕانکاریی گەورەدا تێپەڕبووە، بە جۆرێک کە هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان لاوازکراون و حکومەتی پێشووی سووریاش رووخێنراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاش کە 20ی ئەم مانگە دەستبەکار دەبێت، بەڵێنیداوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران کە پشتیوانی لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی دەکات.
بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق نیگەرانی ئەوەن ئەم دۆخەی عێراقیش وەک خۆی بەردەوام نەبێت و ئەمریکا و ئیسرائیل گرووپە چەکدارەکان لاواز بکەن.
بەڵام فوئاد حوسێن بە رۆیتەرزی گوتووە: "پێمانوانییە ئێستا نۆرەی عێراق بێت."
وەزیری دەرەوەی عێراق هەورەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "دوو سێ ساڵ لەمەوبەر ئەستەم بووە لە کۆمەڵگەکەماندا" داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکان بکرێت.
حکومەتی عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران کە نەیاری یەکدین، هاوسەنگ بکات. بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بووەتە مەترسی بۆ سەر ئەو هاوسەنگییە.
گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەڵێن، ئەو هێرشانە هاوسۆزین بۆ غەززە کە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە.
لە ماوەی خولی یەکەمی ترەمپدا، نێوانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی خراپتربوو، دوای ئەوەی کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی 2020 لە بەغدا بە فەرمانی ترەمپ کوژرا، کە وایکرد ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
فوئاد حوسێن بە رۆیتەرزی گوتووە: "هیوادارین بتوانین درێژە بەم پەیوەندییە باشەی لەگەڵ واشنتن بدەین. ئێستا زۆر زووە باسی ئەوە بکەین سەرۆک ترەمپ چ سیاسەتێک لە بەرامبەر عێراق یان ئێران پەیڕەو دەکات."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران بکات بۆ ئەوەی گرژی نێوانیان کەمببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ