رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی نایانەوێت هیچ بڕە پارەیەک لە مووچەکانیان بە خەڵکی غەززە و لوبنان ببەخشن، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی دەروازەی ئووری ئەلیکترۆنییەوە ئەو فەرمانبەرانەی کە نایانەوێت هیچ بڕە پارەیەک لە مووچەکانیان بە خەڵکی غەززە و لوبنان ببەخشن، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و خۆیان هەڵاوێرد بکەن."
حەیدەر مەجید گوتی، ئێستا تەنیا فەرمانبەرانی سەر بە فەرمانگەکانی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پیشەسازی، کۆمەڵەی زانستیی عێراقی و ئەنجوومەنی کاروباری کێبڕکێ و دژە قۆرخکاری دەتوانن خۆیان هەڵاوێرد بکەن، بەڵام لە رۆژانی ئایندەدا ئەو خزمەتگوزارییە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەش دەگرێتەوە.
لە 24ـی تشرینى دووەمى 2024، حەمید عززى، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە نووسراوێک بڕیاری دا، کە سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق دەتوانن مانگانە 1٪ لە مووچە و دەرماڵەکانیان بە خەڵکی غەززە و لوبنان ببەخشن.
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری کە فەرمانبەرانی خانەنشین بەدەربکرێن لە لیستی بەخشین بۆ پاڵپشتى غەززە و لوبنان و ئەو پارەیەى لە دوو مانگدا لێیان بڕدراوە بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ