بەرپرسێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق: هێرشەکەی سەر هەولێر لە رێگەی 10 مووشەکەوە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە رێگەی 10 مووشەکی بالیستی کراوە.
شەوی دووشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2024، ئێران لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە چەند شوێنێکی لە شاری هەولێر کردە ئامانج و بەرپرسێکی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی راگەیاندووە، ئێران لە رێگەی 10 مووشەکەوە ئەو هێرشانەی کردووە.
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانیان لە عێراق هەشت شوێن لە دەوروبەری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کراونەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان، کە بەرەبەیانی سیشەممە 16-01-2024 بڵاوکراوەتەوە، لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسیش بریندارن.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا. هەروەها سەرمایەدارێکی کریستیانی عێراقیش بەناوی کەرەم گیانیان لەدەستدا..
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون. دەگوترێت تەندروستیی کوڕە گەورەکەی ناجێگیرە.
دوا بەدوای هێرشەکەی سەر هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.
بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، زانیارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردووتەوە و رایگەیاندووە: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک."