سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە داڤۆس


رووداو دیجیتاڵ 

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی گەیشتە داڤۆس-ی سویسرا. 
 
رۆژی دووشەممە 16-1-2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، "لە رۆژانی کۆنفرانسەکەدا سەرۆککۆمار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک و گەیاندنی وێنای راستەقینەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییەی لە عێراق هەیە."
 
لە ژێر ناونیشانی "هاوئاهەنگیکردن لە جیهانێکی پەرتەوازەدا"، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا، بەشێک لە باڵاترین داڕێژەرەکانی سیاسەت و بازرگانیی جیهانی کۆدەکاتەوە. 
 
لە ماوەی چوار رۆژدا، زیاتر لە 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن؛ زیاتر لە 2 هەزار و 700 سیاسەتڤان لە 130 وڵاتەوە بەشداردەبن کە 52یان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانن. هەروەها 370 کەسایەتیی گشتی، زیاتر لە هەزار و 500 سەرکردەی بازرگانی و 90 داهێنەر و 56 وەزیری دارایی و 19 سەرۆکی بانکە ناوەندییەکان و 30 وەزیری بازرگانی و 35 وەزیری دەرەوە ئامادەی 53یەمین خوولی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەبن.