سوودانی: پابەندین بە سەقامگیری و گەشەپێدانی سووریا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شاری بەغداد محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە. 
 
بەگوێرەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشێکی گفتوگۆکانی نێوانیان پەیوەندیدار بوون بە "ئاماژەکردن بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ تەواوکردنی پلانی ریفۆرمی ئابووری، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی سێکتەرە جیاوازەکان". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق "پابەندبوونی عێراقی بە کارکردن بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی سووریا دووپاتکردەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پاڵپشتی یەکگرتوویی سووریا، پاراستنی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، پاراستنی مافی کەمینەکان و رێزگرتن لە جیاوازییە کولتووری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی وڵاتەکە دەکات". 
 
بەشێکی دیکەی قسەکانی سوودانی پەیوەست بوون بەوەی عێراق لەگەڵ ئەوە نییە دەستوەردان لە کاروباری سووریا بکرێت و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی سووریا دەربڕی. 
 
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ گەشەپێدان بەرزنرخاند. هەروەها، دەستخۆشیشی لە عێراق کرد بۆ هەڵوێستی سەبارەت بە سووریا، پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئەو وڵاتە و هاوکارییەکانی بۆ هاووڵاتییانی لوبنانی و فەڵەستینی. 
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا کۆنترۆڵکردنی دیمەشقیان راگەیاند و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە هەڵات بۆ رووسیا. ئێستا حکومەتێکی راگوزەر تاوەکو ئاداری داهاتوو لەو وڵاتە پێکهێندراوە. هێز و لایەنەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکەوە کە لە ساڵی 2011ـەوە هەڵگیرساوە، 14 ملیۆن کەس ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە کە نیوەیان ناچار بە کۆچکردن بوونەتەوە. هەروەها، ئێستا 16.7 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە